ڕێککەوتنى پارتى و سوننەکان لەسەر مانەوەى پەرلەمان تا ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پێشوەختە بە واتای بەتەنها مانەوەی سەدرە
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆکى ئەنجومەنى راوێژکارى عێراقى رایگەیاند، ڕێککەوتنى پارتى و سوننەکان لەسەر مانەوەى پەرلەمان تا ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پێشوەختە دوا بزمارە لە تابووتى هاوپەیمانى سێ قۆڵى.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، فەرهاد عەلادین سەرۆکی سەرۆکى ئەنجومەنى راوێژکارى عێراقى ئەمڕۆ لە بڵاوکراوەیەکدا وتى بە ڕێککەوتنى پارتى و سوننەکان لەسەر مانەوەى پەرلەمان تا ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پێشوەختە "هاوپەیمانی سێ قۆڵی بە فەرمی کۆتایی هاتووە، دوا بزمار لە تابووتەکەى درا".

لەبەرانبەردا بەنگین رێکانى سەرکردە لە پارتى لە بڵاوکراوەیەکدا ئاماژەى بەوەکردووە، جگە لەراگەیەنراوى فەرمى کۆبوونەوەى بارزانى و محەمەد حەلبوسى و خەمیس خەنجەر، هەموو زیادکردن و خەمڵانێک لەو بارەیەوە ناڕاستە و هیچ بنەمایەکیان نییە.

بەوتەى مشعان جبوری ئەندامى دورخراوەى پەرلەمانى عێراق، رێککەوتنی نێوان پارتی و سەروەری لەسەر پێویستى ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەیە لە ساڵی 2023، پێش پێکهێنانی حکومەتێک بە دەسەڵاتی تەواوەوە، "ئەمەش بە واتای ڕۆیشتنیان دێت لە هاوپەیمانی ڕزگارکردنی نیشتیمان، کە ئەوانی لەگەڵ سەدر کۆکردبووەوە".

دەشڵێت "هەروەها ئەوان رێکەوتوون کە ئه‌و كه‌سه‌ی حكوومه‌تی نوێ پێكده‌هێنێت، مسته‌فا كازمی بێت".

بەپێی بەیاننامەیەکى نوسینگەى محەمەد حەلبوسى سەرۆکى پەرلەمان (١١ی ئەیلوولی ٢٠٢٢) لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ مەسعوود بارزانی سەرڕۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان تاوتوێی دۆخی سیاسی عێراق  پێویستیی پەنابردن بۆ زمانی گفتوگۆی بنیاتنەر كردووە؛ بۆ زاڵبوون بەسەر ناکۆکییەکان و گەیشتن بە چارەسەرێک کە لە بەرژەوەندی گەلی عێراقدا بێت، هەروەها پەیڕەوکردنی شێوازی دەستووری و یاسایی بۆ زاڵبوون بەسەر قۆناغی ئێستا.

هه‌روه‌ها جه‌ختیان كردووه‌ته‌وه‌ لەسەر گرنگی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت دوای ئاماده‌كردنی مه‌رجه‌ یاساییه‌كان و پێداویستیه‌كانیان به‌پێی میكانیزمه‌ ده‌ستوورییه‌كان، پێش پێکهێنانی حکومەتێک کە دەسەڵاتی تەواوی هەبێت،  لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر پێویستی بەردەوامبوونی پەرلەمان لە کارەکانی تا وادەی هەڵبژاردن، ئەوەش بەپێی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌.

ئاماژە بەوەش کراوە، "هەروەها هەردوولا ئامادەیی خۆیان دەربڕی بۆ بەشداری کردنی بنیاتنەر لە یەکگرتنەوەی بۆچوونەکان لەنێوان هەموو لایەنەکان، گرتنەبەری هەر هەنگاوێک کە خزمەت بە بەرژەوەندی نەتەوەیی بکات، بەشداربێت لە ئاشتی کۆمەڵگا، و پاراستنی ئاسایش و بەرژەوەندی هاوڵاتیان".     

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا هاتووە "هاوپەیمانی سەروەری و پارتی دیموکراتی کوردستان هەروەها جەختیان لە بەردەوامی پەیوەندی و هەماهەنگی هاوبەش و وەرگرتنی هەڵوێستی هاوبەش کردووەتەوە کە خزمەت بە بەرژەوەندییە باڵاکانی نەتەوەیی دەکات".

لە لاى خۆیانەوە، لایەنەکانى چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەر ئاستى میدیا پێشوازییان لەو هەڵوێستە هاوبەشە کرد، وەک ڕێگەیەکی دەربازبوون لە بنبەستى سیاسی.