گفتوگۆی لایەنە عێراقییەکان بە تویتەر و پۆستی فەیسبووک ناکرێت

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- وتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت کە ناکرێت ئەم دۆخە لە وڵات بەردەوام بێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڤیان دەخیل، وتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانى عێراق بە میدیای حزبەکەى راگەیاندووە، ئێمە وەک پارتی لەگەڵ ئەوەیەن ڕێگەی دەستووری و یاسایی ببردرێت و گرفتمان نییە لە ھەڵبژاردنی پێشوەختە و دەبێت ھەڵبژاردن لەسەر بنەمای دەستوور و یاسا بکرێت و گفتوگۆی لایەنە عێراقییەکان بە تویتەر و پۆستی فەیسبووک ناکرێت".

ناوبراو دەشڵێت، دەبێت دانیشتن و گفتووگۆ بکرێت و میساقێک ھەبێت بەوەی کە دەچینە ھەڵبژاردن دەرئەنجامەکانی لەلایەن لایەنەکانەوە قەبووڵکراوە یان نا، ھەروەھا دەبێت دەرئەنجامەکان قبوڵ بکرێت و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش لە ھاوکێشەکەدا بێت نەک دونیا پشت لە عێراق بکات تۆش پێتوابێت شەرعیەت ئەوەیە کە دەتەوێت.

وتەبێژی فراکسیۆنى پارتى باسى لەوەش کردوە، ھێشتا دیار نییە لایەنی سەدری بەشداری کۆبوونەوەکانی لایەنە سیاسییەکان دەکەن یان نا بۆ ئەوەی ئەوان بگەڕێنەوە بۆ گفتوگۆکان، بەڵام بەوتەى ئەو دوو ڕێگە ھەیە یان ئەوەتا بەفشاری دەرەکی یان ناوخۆیی قایل بکرێن بۆ دانیشتن لە کۆبوونەوەکان.

روونیشیکردەوە کە سەدرییەکان چەند مەرجێکیان ھەیە یەکێک لەوانە ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان کە تا ئێستا ھیچ لایەنێک دژی ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان نەبووە بەڵام ئەمە دەبێت رێچکەی قانوونی بۆ بدۆزرێتەوە و زووتر دەگەنە ئەو ئامانجە.

دەخیل باس لەوەش دەکات، بارزانی دەستپێشخەریەکی ھەبوو، بەڵام ئەو شەڕەی بەغدای بەسەردا ھات، دەشڵێت: "خۆشمان دەزانین ھەموو دەستپێشخەریەکانی عێراق لە ھەولێرەوە دەردەچێت، بۆیە ئەم دەستپێشخەریەی سەرۆک بۆ ئەم دۆخەی عێراق گرنگە و ئەگەر دەستپێشخەری نوێ لەلایەن سەرۆکەوە ھەبێت دووبارە دۆخەکە ھەمووی دەگۆرێت".

ڤیان دەخیل وتیشى: "ئەگەر بەمشێوە عێراق بمێنێتەوە مەترسی دروست دەکات، ناکرێت دۆخەکە بەردەوام بێت، چونکە ڕەنگە ئەو کاتە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەستپێشخەری بکات کە تاوەکوو ئێستا دەستپێشخەریان نەکردووە، بەڵام ئەگەر دۆخەکە گەیشتە پێکدادان ئەوان ڕەنگە دەستپێشخەری بکەن، بەڵام کاریگەری نابێت لەسەر دۆخی عێراق چونکە ئەوە پرسێکی ناوخۆییە".

وتەبێژی فراکسیۆنی پارتی جەختی کردەوە کە تاوەکوو ئێستا بەربژێرمان وەک پارتی بەفەرمیی ڕێبەر ئەحمەدە، بەڵام دەمانەوێت لەگەڵ یەکێتی بگەینە رێککەوتن لەمبارەوە.

News Code 6976

Your Comment

You are replying to: .
captcha