ڕوونکردنەوەی وته‌بێژی پارتی لەبارەى کاندیدی هاوبەشیان لەگەڵ یەکێتی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار
بەشی عێراق و هەرێمی کورستان- وته‌بێژی پارتی دیموکراتی کوردستان له‌باره‌ی پۆستی سه‌رۆک کۆمار دەڵێت پارتی هیچ کاندیدێکی هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌کانی دیکه‌ نییە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مه‌حموود محەمه‌د وتەبێژی پارتی، لە لێدوانێکدا بە میدیاکانی حزبەکەی ڕاگەیاند: "تا ئێستا هیچ کاندیدێکی هاوبه‌شمان نییه‌، کاندیدی ئێمه‌ و ئه‌وان دیاره‌، به‌ڵام گفتوگۆش به‌رده‌وامه‌ له‌ نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌ کوردستانی و عێراقییه‌کان".

ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کرد، پارتی روونکردنه‌وه‌یه‌ک ده‌دات به‌ خه‌ڵکی عێراق، که‌ ئه‌م کێشه‌ و بنبه‌سته‌ سیاسییه‌ی ئێستا هه‌یه‌ پێویسته‌ به‌ گفتوگۆ و لێکتێگه‌یشتن و یه‌کدی خوێندنه‌وه‌ چاره‌سه‌ر بکرێت.

وتەبێژی پارتی وتیشی سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی جیاوازیمان هه‌یه‌، پێویسته‌ دانیشین و باس له‌و جیاوازیانه‌ بکه‌ین و بزانین چۆن چاره‌سه‌ر ده‌کرێت، پارتی له‌ رێی لیژنه‌ی دانووستانییه‌وه‌، ته‌نیا گفتوگۆ ده‌کات و له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه‌کان به‌رده‌وامه‌.

مەحموود محەمەد جەختیشی کردەوە، پێویسته‌ رێگه‌ چاره‌یه‌ک بۆ دۆخی چه‌قبه‌ستووی سیاسی له‌ عێراق بدۆزرێته‌وه‌، نزیکه‌ی ساڵێکه‌ هه‌ڵبژاردن کراوه‌، به‌ڵام تا ئێستا لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان نه‌یانتوانیوه‌ زمانێکی هاوبه‌ش بدۆزنه‌وه‌ بۆ چاره‌سه‌ری کێشه‌کان.