هه‌موو هه‌وڵێک دەدەین بۆ خێراکردنی ره‌خساندنی هه‌لومه‌رجی گونجاو به‌مه‌به‌ستی پێکهێنانی حکوومه‌تی نوێ
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی ستایشی بانگه‌وازه‌که‌ی هاوپه‌یمانی سیاده‌ و پارتی دیموکراتی کوردستانی کرد بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ و پێکهێنانی حکوومه‌تێک به‌ ده‌سه‌ڵاتی ته‌واو.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی له‌ راگه‌یه‌ندراوێکدا بڵاویکرده‌وه‌، "پێزانینی گه‌وره‌ی خۆیان بۆ هه‌ڵوێستی نیشتمانی و ده‌ستوری هاوپه‌یمانی سیاده‌ و پارتی دیموکراتی کوردستان راده‌گه‌یه‌نن به‌تایبه‌ت دوای کۆبوونه‌وه‌که‌یان له‌ هه‌ولێر که‌ تیایدا هه‌ردوو حزب پابه‌ندبوونیان به‌ بژارده‌ی ده‌ستوری بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ دووپات کرده‌وه‌، دوای ئه‌وه‌ی که‌شی گونجاو بۆ ئه‌و پرۆسه‌یه‌ له‌ ژێر چاودێری حکوومه‌تێک که‌ ده‌سه‌ڵاتی ته‌واوی هه‌بێت دروست ده‌کرێت به ‌جۆرێک دامه‌زراوه‌ ده‌ستورییه‌کان ئه‌رکه‌کانی خۆیان به‌جێبهێنن.

ئاماژه‌ی له‌وه‌ش کردووه‌: "چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی جه‌خت له‌سه‌ر به‌رده‌وامبوون له‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه‌کان ده‌کاته‌وه‌، به‌ئامانجی جێبه‌جێ کردنی شایسته‌ ده‌ستورییه‌کان و گه‌ڕانه‌وه‌ی داموده‌زگاکان بۆ راپه‌ڕاندنی ئه‌رکه‌کانیان، پێکهێنانی حکوومه‌تێک به‌ ده‌سه‌ڵاتی ته‌واوه‌وه‌، به‌ مه‌به‌ستی رزگارکردنی وڵات له‌ قه‌یرانی زیاتر.

هه‌ر به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌که‌، چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی دووپاتی ده‌کاته‌وه‌، "هه‌موو هه‌وڵێک ده‌دات بۆ خێرا کردنی ره‌خساندنی هه‌لومه‌رجی گونجاو و ده‌سته‌به‌رکردنی به‌شداری کردنی هه‌مووان له‌ حکوومه‌تی نوێ.