مامۆستایانی وانەبێژ لە هەرێمی کوردستان هەڕەشەی بایکۆت کردن و خۆپێشاندان دەکەن

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- مامۆستایانی وانەبێژی هەرێمی کوردستان  رایدەگەیێنن، بەهۆی ئەوەی لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە نەگەیشتوونەتە هیچ ئەنجامێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان، بۆیە هەڕەشەی بایکۆت کردنی هۆڵەکانی خوێندن دەکەن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لەمبارەوە نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ لە هەرێمی کوردستان لەبارەی دەستپێکردنی پرۆسەی خوێندنەوە راگەیێندراوێکیان بڵاو کردەوە و رایانگەیاند: "دوای چەندین کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان، تائێستا هیچ ئاسۆیەک بۆ چارەسەری کێشەی وانەبێژان بە دامەزراندن دەرنەکەوتووە، ئەوەی تا ئێستا هەیە و باسی لێوە دەکرێت، پرۆژەیەکە کە بەڕێز وەزیری پەروەردە رادەستی ئەنجوومەنی وەزیرانی کردووە و بەڕێزیان چاوەڕێی وەڵامی سەرۆکی حکوومەتن."

هەروەها بە مکوڕبوونەوە باس لە ئەگەری بایکۆت کردن دەکەن و دەڵێن: "وانەبێژانی بەڕێز و دڵسۆزانی بواری پەروەردە دڵنیا دەکەینەوە، کە خوێندنی ئەمساڵ بە شکست و وەستانی پرۆسەکە تێدەپەڕێت، لەسەر دەستی مامۆستایانی وانەبێژ، دووبارە کەمتەرخەمیی وەزارەتی پەروەردە بەرامبەر خزمەتی وانەبێژان، منداڵانی ئەو نیشتمانە دەخاتەوە بەردەمی بایکۆتی خوێندن و وەستانی ئەو پرۆسە پیرۆزە."

لە راگەیێندراوەکەی مامۆستایانی وانەبێژدا باس لە کاژێر سفریش بۆ خۆپێشاندان دەکرێت و رایدەگەیەنن: "مامۆستایانی ئازیزی وانەبێژ دڵنیا دەکەینەوە، لە هەر چرکەساتێکی دیاریکراو و گونجاوی ئەمساڵدا چاوەڕێی بایکۆت و خۆپێشاندانی گەورەی مامۆستایانی وانەبێژ بن، کە نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ بە گونجاوی بزانن و لە ساتەوەختێکی هەستیاردا کە حکوومەت و وەزارەتی پەروەردە بە کرداریی تێبگەیەنێت لە گرنگیی مامۆستایانی وانەبێژ، لە کاژێری سفردا بە یەک دەنگ و بەڵێن لە پرۆسەی خوێندنی ساڵی 2022 - 2023 دێینە دەرەوە و بڕیار لەسەر دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ نەدرێت ناگەڕێینەوە هۆڵەکانی خوێندن".

News Code 6986

Your Comment

You are replying to: .
captcha