ته‌مه‌نى په‌رله‌مان‌ و حكوومه‌ت ‌و سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم درێژ دەکرێتەوە
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سه‌رۆكى فراكسیۆنى یه‌كێتى ئه‌و واده‌یه‌ ئاشكرا ده‌كات كه‌ ته‌مه‌نى حكوومه‌ت ‌و په‌رله‌مان ‌و سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێمى تێدا درێژ ده‌كرێته‌وه‌.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، زیاد جه‌بار سه‌رۆكى فراكسیۆنى یه‌كێتى به‌ شارپرێسى ڕاگه‌یاندووە، "ڕۆژى 6ى 11ى 2022 ته‌مه‌نى ئه‌م خوله‌ى په‌رله‌مان‌و ته‌مه‌نى كابینه‌ى نۆیه‌م‌و سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێمیش كۆتایی دێت بۆئه‌وه‌ى نه‌كه‌وینه‌ بۆشایی یاساییه‌وه‌ پێویستمان به‌وه‌یه‌ ته‌مه‌نى ئه‌م دامه‌زراوانه‌ درێژبكه‌ینه‌وه‌".

ناوبراو وتیشى، "ناكۆكى نێوان لایه‌نه‌كان له‌سه‌ر هه‌موارى یاساى هه‌ڵبژاردنه‌و هه‌ر به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ نه‌توانرا هه‌ڵبژاردن له‌واده‌ى خۆى بكرێت، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر لایه‌نه‌كان بگه‌نه‌ ڕێكه‌وتن ئه‌وا ته‌مه‌نى دامه‌زراوه‌كان ته‌نها ئه‌و ماوه‌یه‌ درێژده‌كرێته‌وه‌ كه‌ كۆمسیۆن پێویستیه‌تى بۆ هه‌ڵبژاردن".

سه‌رۆكى فراكسیۆنى یه‌كێتى باسى له‌وه‌ش كرد، "بڕیاربوو سه‌ره‌تاى ئه‌م مانگه‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان جارێكى تر كۆببنه‌وه‌و له‌سه‌ر هه‌موارى یاساى هه‌ڵبژاردن بگه‌نه‌ ڕێكه‌وتن، به‌ڵام ئه‌وه‌نه‌كرا".

زیاد جه‌بار ده‌شڵێت: "ئه‌گه‌ر ڕێكه‌وتنى سیاسى له‌سه‌ر یاساكه‌ بكرێت له‌په‌رله‌مان، كاتێكى كه‌مى پێویسته‌ بۆئه‌وه‌ى بكرێته‌ یاسا".