سەرۆکی یەکێتی و ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی بابلیون دوایین گۆڕانکارییەکانی عێراق تاوتوێ دەکەن
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆکى یەکێتى رایگەیاند، ناکۆکیی نێوان لایەنە سیاسیەکان خزمەت بە دۆخی عێراق ناکەن و دەبێت لایەنەکان نەرمی بنوێنن.

کوردپرێس: بەپێی راگەیەنراوێکى نووسینگەی بافڵ تاڵەبانى ناوبراو ئەمڕۆ لەگەڵ رەییان كلدانی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی بابلیون لە سلێمانى، کۆبووەوە.

لە دیدارەکەدا دوایین گۆڕانکارییە سیاسییەکان و هەوڵەکان بۆ تێپەڕاندنی بەربەستەکانی بەردەم پرۆسەی سیاسی گفتوگۆیان لەبارەوە کرا و جەخت لە گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنی هاوبەشی نێوان لایەنە سیاسییەکان کرایەوە.

هەردوولا هاوڕابوون بەزووترین کات چارەسەرێکی گونجاو بۆ کێشەکان بدۆزرێتەوە و هەموو هەوڵەکان لەپێناو سەقامگیری و داهاتووی وڵات بێت.

لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا تاڵەبانی جەختی لە قووڵ کردنەوەی گیانی تەبایی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەکان کردەوە و وتی، ئەرکی هەموولایەکمانە بەرۆحێکی نیشتمانی و بەرپرسیارانەوە کار بکەین. ناکۆکییەکان خزمەت بە دۆخی وڵات ناکەن و نابێت ژیانی هاوڵاتییان بکەینە قوربانیی ململانێ سیاسییەکان. دەبێت لایەنەکان نەرمی بنوێنن و ژینگەیەکی لەبار بۆ سەرخستنی ئامانجە باڵاکان فەراهەم بکەن، کە ئەمەش خواستی زۆرینەی سیاسییەکانی عێراقە.

لە بەرامبەردا رەییان کلدانی سوپاس و پێزانینی بزووتنەوەی بابلیونی ئاڕاستەی سەرۆکی یەکێتی کرد لەبەرامبەر هەوڵەکانی بۆ نزیککردنەوەی هێز و لایەنە سیاسییەکان و هەنگاونان بە ئاڕاستەی چارەسەرکردنی کێشەکان. وتیشی یەکێتی سیاسەتێکی حەکیمانە پەیڕەو دەکات و بەشێک نییە لە کێشەکان، بەڵکوو هەمیشە کۆکەرەوەی دەنگ و رەنگە جیاوازەکان بووە و هەوڵەکانیان لە خزمەت گۆڕانکاری ئەرێنیدا بووە لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا.