وتەبێژی حکوومەتی هەرێم وەڵامی نەوەی نوێ لەبارەی دیارنەمانی 22 ملیاردۆلار داهاتی نەوت دەداتەوە
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستانن- وتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند رێژه‌ی 55%ی داهاتی نەوت‌ بۆ خه‌رجی پرۆسه‌ی به‌رهه‌مهێنان، هه‌نارده‌کردن، کۆگاکردن و گواستنه‌وه‌ی دەکرێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، جووتیار عادل، وته‌بێژی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌ کۆنفڕاسێکی رۆژنامه‌وانیدا وەڵامی ئیدیعاکانی بەرپرسانی جووڵانەوەی نەوەی نوێ لەبارەی دیارنەمانی ٢٢ ملیار دۆلار داهاتی نەوت دەداتەوە و دەڵێت ته‌نها 45%ی داهاتی نه‌وت بۆ خه‌زێنه‌ی گشتی حکوومه‌ت گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌.

جووتیار عادل کۆی گشتیی داهات و خه‌رجییه‌کانی حکوومه‌تی له‌ ماوه‌ی سێ ساڵی رابردوودا ئاشکرا کرد و ئاماژه‌ی به‌وه‌کرد، کابینه‌ی نۆیه‌م هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای ده‌ستبه‌کاربوونیه‌وه‌ و له‌سه‌ر راسپارده‌ی مه‌سروور بارزانی سه‌رۆکی حکوومه‌ت هه‌موو کاره‌کانی به‌شێوه‌یه‌کی ڕوون و شه‌فاف بۆ هاوڵاتییان خستوه‌ته‌ڕوو.

ناوبراو باسی له‌وه‌ش کرد، "ئاماده‌کردن و بڵاوکردنه‌وه‌ی ڕاپۆرته‌کانی بواری نه‌وت و غاز له‌لایه‌ن کۆمپانیای دیلۆیته‌وه‌ به‌رده‌وامی هه‌یه‌ و به‌شێوه‌یه‌کی وه‌رزی ته‌واوی بابه‌ته‌کانی به‌رهه‌مهێنان، فرۆشتن، داهات و خه‌رجییه‌که‌ی له‌سه‌ر پێگه‌ی فه‌رمی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان بڵاو ده‌کرێته‌وه‌".

وتەبێژی حکوومەتی هەرێم ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، "مه‌سروور بارزانی له‌و کاتانه‌ی که‌ پێویست بوبێت له‌گه‌ڵ چین و توێژه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ کۆبووه‌ته‌وه‌ یان به‌شێوه‌ی کۆنگره‌ی ڕۆژنامه‌وانی باسی له‌ کار و پرۆژه‌ و پلانه‌کانی کابینه‌ی نۆیه‌م کردوه‌ بۆ رایگشتی کوردستان، ئێمه‌ش وه‌کوو فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری رۆژانه‌ داتا و زانیارییه‌کانی حکوومه‌تمان به‌شێوه‌ی داتا و هه‌واڵ بڵاو کردوه‌ته‌وه‌،  ده‌مانه‌وێت بڵێین که‌ به‌ شاهیدی میدیاکان ئه‌م کابینه‌یه‌ زۆرترین زانیاری داوه‌ته‌ رای گشتی و به‌رده‌وامیش ده‌بین له‌سه‌ر ئه‌و رێچکه‌یه‌".

ناوبراو ڕایگەیاند کۆی گشتی داهاتی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان که‌ له‌ داهاتی نه‌وتی، نانه‌وتی، ته‌مویلی حکوومه‌تی عێراق و هاوپه‌یمانان پێکدێت، بریتی بووه‌ له‌  46.3 تریلیۆن دینار.

جووتیار عادل وتیشی کۆی گشتیی خه‌رجیی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان که‌ له‌ مووچه‌، خه‌رجییه‌کانی نه‌وت، به‌کارخستن، وه‌به‌رهێنان و کرێی وێستگه‌کانی کاره‌با هه‌روه‌ها دانه‌وه‌ی به‌شێک له‌ قه‌رزه‌کان پێکدێت، بریتی بووه‌ له‌ 49 ترلیۆن و 800 ملیار دینار.

سه‌باره‌ت به‌ تێکڕای داهاتی نه‌وتی فرۆشراوی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، رێژه‌ی 55%ـی ئه‌و داهاته‌ بۆ خه‌رجی پرۆسه‌ی به‌رهه‌مهێنان، هه‌نارده‌کردن، کۆگا کردن و گواستنه‌وه‌ خه‌رج کراوه‌، هه‌روه‌ها رێژه‌ی 45%ـیشی وه‌ک داهاتی سافی گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ خه‌زێنه‌ی حکوومه‌ت.