داعش ژمارەیەک زۆر لە هێزەکانی خۆی لە سووریاوە هێناوەتە عێراق
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- بەڕێوەبەری پێشووی پۆلیسی قەزا و ناحیەکانی کەرکووک ڕایگەیاند بەمەبەستی قۆستنەوەی ئاڵۆزییە سیاسییەکانی عێراقی، داعش هێزێکی زۆری لە سووریاوە هێناوەتە عێراق.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، عەمید سەرحەد قادر، بەڕێوەبەری پێشوی پۆلیسی قەزا و ناحیەکانی کەرکووک، ئەمڕۆ پێنجشەممە، بە بەشی كوردیی دەنگی ئەمریكای راگەیاند: "داعش هێزەکانی بۆ مەفرەزەی پێنج کەسی و حەوت کەسی دابەش کردووە، هێزی زیاتریان پێگەیشتووە و بە پارێزگا سوننەنیشینەکاندا بڵاویان کردونەتەوە، ئاڵوگۆڕیان لە بەرپرسەکانیان کردووە، چاوەڕێی دۆخی سیاسی عێراق و ئاڵۆزبونی دۆخەکەن."

عەمید سەرحەد وتیشی "گەر دۆخی عێراق ئاڵۆز ببێت، ڕەنگە داعش پەلاماری هەندێک شوێن بدەن بۆ گرتن."

عەمید سەرحەد قادر جەختی کردەوە "داعش پێیوایە دۆخی عێراق ئاڵۆز دەبێت، ئەوان ئامادەکاری بۆ ئاڵۆزبوونی دۆخەکە  و پەلاماردانی هەندێک ناوچە دەکەن."

بەڕێوەبەری پێشوی پۆلیسی قەزاوناحیەکانی کەرکووک، وتیشی: "داعش هێزێکی زۆری بەشێوەی مەفرەزەی بچووک لە سووریاوە هێناوەتە عێراق، بەرپرسەکانیان گۆڕیوە، بەشێوەیەکی تۆکمەتر گەڕاونەتەوە بۆ گۆڕەپانەکە".