تۆتاڵ ئینێرجی فڕه‌نسی له‌ هه‌رێمی کوردستان کشایه‌وه‌
بەشی جیهان- کۆمپانیای تۆتاڵ ئینێرجی فڕه‌نسی، ده‌ستبه‌رداربوونی له‌ بواری به‌رهه‌مهێنان له‌ نه‌وتی هه‌رێمی کوردستان راگه‌یاند.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، کۆمپانیای تۆتاڵ ئینێرجی فەڕەنسا له ‌ڕاگه‌یه‌ندراوێکدا بڵاویکرده‌وه‌، کۆی گشتی به‌شه‌که‌ی له‌ کێڵگه‌ی نه‌وتی سه‌رسه‌نگ که‌ ده‌کاته‌ 18%ی پشکه‌کان به‌ بڕی 155 ملیۆن دۆلار فرۆشتووه‌ به‌ کۆمپانیای شه‌مێران پترۆلیۆم که‌ ئه‌و کۆمپانیایه‌ له‌ که‌نه‌دا و سوید تۆمارکراوه‌ و گرنگی به‌ گه‌ڕان و به‌رهه‌مهێنان له‌ بواری نه‌وت ده‌دات.

کێڵگه‌ی سه‌رسه‌نگ ده‌که‌وێته‌ سنووری پارێزگای دهۆک و له‌ ساڵی 2011 دۆزرایه‌وه‌، له‌لایه‌ن کۆمپانیای ئه‌مریکی Hellwood Energy (HKN) به‌ڕێوه‌ده‌برێت، که‌ خاوه‌نی 62%ی کێڵگه‌که‌یه‌ و پشکی حکوومه‌تی هه‌رێمیش له‌و کێڵگه‌یه‌ ته‌نها 20%یه‌، کۆمپانیای تۆتاڵ ئینێرجیش له‌ ساڵی 2021ه‌وه‌ ڕۆژانه‌ سێ هه‌زار و 500 به‌رمیل نه‌وتی له‌و کێڵگه‌یه‌ به‌رهه‌مهێناوه‌.

مانگی (حوزه‌یران/6)ی 2021 حکوومه‌تی عێراق و کۆمپانیای تۆتاڵ ئینێرجی فڕه‌نسی به‌ به‌های 27 ملیار دۆلار گرێبه‌ستێکیان له ‌بواری وه‌به‌رهێنان له ‌که‌رتی غاز، نه‌وت و به‌رهه‌مهێنانی کاره‌با له‌رێگه‌ی وزه‌ی خۆر واژۆ کرد، رێککه‌وتنه‌که‌ هاوکاری عێراق ده‌کات له‌چاره‌سه‌ری کێشه‌ی وزه‌ و که‌مکردنه‌وه‌ی پشت به‌ستن به‌و وزه‌یه‌ی که‌دۆستی ژینگه‌ نیه‌.

له‌ ئێستادا کۆمپانیای تۆتال ئینێرجی خاوه‌نی 22.5%ی کێڵگه‌ی نه‌وتی حه‌لفایه‌، که‌ له‌ ساڵی 2020دا ڕۆژانه‌ نزیکه‌ی 20 هه‌زار به‌رمیل له‌ پشکه‌کانی تۆتال ئینێرجی به‌رهه‌مهێناوه‌.

کۆمپانیای تۆتاڵ ئینێرجی له‌ ساڵی 1920ـه‌وه‌ به‌ دۆزینه‌وه‌ی کێڵگه‌ی نه‌وتی که‌رکوک ده‌ستی به‌ کاره‌کانی له‌ عێراق کردوه‌، کۆمپانیاکه‌ له‌ بواری هه‌مه‌جۆری وزه‌دا کارده‌کات و ده‌یخاته‌ بازاڕه‌کانی جیهانه‌وه‌.