ئەمریکا سەرەڕای پشتگیری لە هێزەکانی سووریای دیموکرات، کوردستانی سەربەخۆی سووریا بەفەرمی ناناسێت

بەشی جیهان- سپایرۆس سپاکۆداس بە ئاژانسی کوردپرێسی ڕاگەیاند: ئەمریکا درێژە بە پشتگیری کردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات دەدات بەڵام دان بە کوردستانی سەربەخۆی سووریا-دا نانێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەرەڕای ئەوەی کە کوردانی سووریا گەشبینن بە هەڵبژاردنی جۆ بایدەن وەکوو سەرۆک کۆماری نوێی ئەمریکا و چاوەڕوانی پشتگیری زیاتری لێدەکەن بەڵام تۆخ بوونی گرژییەکان لە عەین عیسا و تەرکیزی هێزەکانی تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی سەربەو وڵاتە و هێزە ڕووسیەکان و هێزەکانی حکوومەتی ناوەندی لەسەر ئەم ناوچەیە داهاتووی کوردەکانی سووریای ڕووبەڕووی تارمایی کردۆتەوە. ئاژانسی هەواڵی کوردپرێس بەمەبەستی تاوتوێ کردنی دۆخی کورد لە عەین عیسا و هەڵویستی دەسەڵاتی نوێی ئەمریکا لەبارەی کوردانی سووریا گفتوگۆیێکی لەگەڵ دکتۆر سپایرۆس سپاکۆداس، شرۆڤەکاری پرسە ستراتێژیکە سەربازییەکان و شارەزا لە پرسەکانی سووریا؛ ئەنجام داوە.

ئەگەری هێرشی سەربازیی تورکیا بۆسەر عەین عیسا

دکتۆر سپایرۆس سپاکۆداس لەبارەی ئەگەری هێرشی سەربازیی تورکیا و سەربزیوانی سەربەو وڵاتە بۆسەر عەین عیسا دەڵێت: ئەگەری هێرشێکی دیکەی سەربازیی دژ بە کوردەکان لە عەین عیسا ڕەت ناکەمەوە. هێزەکانی سوپای تورکیا و چەکدارە سووریەکانی سەربەو وڵاتە دەیانهەوێت بە کونترۆڵ کردنی عەین عیسا و جادەی ستراتێژیکی M4، شاری کوردنشینی کۆبانی زیاتر گۆشەگیر بکەن. بەم حاڵەشەوە ڕووسیا داخڵی بابەتەکە بوویەوە و پێشنیارێکی خستە بەردەم هێزەکانی سووریای دیموکرات. ئەگەری ئەوەش هەیە کە ڕووسیا و هێزەکانی حکوومەتی ناوەندی مۆڵەت بە هێزەکانی تورکیا بدەن ئۆپەراسیۆنێکی هەرچەند سنووردار دژ بە هێزەکانی سووریای دیموکرات ئەنجام بدەن ئەوەش بەمەبەستی گوشار خستنەسەر ئەو هێزانە بۆ ڕادەست کردنی عەین عیسا بە حکوومەتی ناوەندیی سووریا.

پشتگیریی جۆ بایدەن لە کوردانی سووریا

شرۆڤەکاری پرسە ستراتێژیکە سەربازییەکان و شارەزا لە پرسەکانی سووریا لەبارەی پشتگیری کردنی جۆ بایدەن لە کوردانی سووریا دەڵێت: جۆ بایدەن ئەو کاتەی لە سەردەمی باراک ئۆباما-دا بریکاری سەرۆک کۆمار بوو پشتگیری لە هاوپەیمانیی هێزەکانی سووریای دیموکرات و ئەمریکا کرد. کاتێک کە هێزەکانی سوپای تورکیا لە ئەگێستی 2016دا هەڕەشەیان کرد کە هاوکات لەگەڵ ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فۆراتدا دەیانەوێت مەنبج داگیر بکەن، جۆ بایدەن و دیکە بەرپرسانی ئەمریکی قبووڵیان نەکرد و نەخشە ڕێگای مەنبج-یان خستە بەردەم ئەردۆغان کە لە کۆتاییدا ئەنقەدە ڕازی بەو پلانە نەبوو.

ناوبراو لەبارەی ئەگەری گەڕانەوەی هێزەکانی ئەمرکیا بۆ عین عیسا بۆ پشتگیری کردنی لە هێزەکانی سووریای دیموکرات وتی: بە ئەگەری زۆرەوە، جۆ بایدەن هەمبەر هەڕەشە جیاجیاکان وەکوو داعش و هتد پشتگیری لە هێزەکانی سووریای دیموکرات دەکات بەڵام گومانم هەیە کە ئەمرکیا جارێکی دیکە بۆ عەین عیسا و کۆبانی و ئەو ناوچانەی چۆڵی کردوون بگەڕێتەوە.

پشتگیریی سیاسیی ئەمرکیا لە کوردستانی سووریا

دکتۆر سپایرۆس سپاکۆداس دەڵێت پشتگیریی ئەمریکا لە کوردانی سووریا تەنها پشتگیریی سەربازییە و ڕەنگە هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ ئەم هێزانە بۆ ڕێگری کردنی لە سەرۆەڵدانەوەی داعش، زیاتر ببێت.

ناوبراو جەختی لەوەش کردەوە کە ئەمرکیا دژی دامەزراندنی ناوچەی خۆبەڕێوەبەر یان سەربەخۆی کوردیە لە سووریا و ئەمریکا وێڕای پشتگیری لە هێزەکانی سووریای دیموکرات، ڕۆژاوای سەربەخۆ (کوردستانی سووریا) بەفەرمی ناناسێت. ئەمریکا ڕۆژاوایێکی بەهێز و لایەنگیری ئەمریکای دەوێت کە ئاستەنگێک بێت هەمبەر ڕووسیا، تورکیا و حکوومەتی سووریا بەڵام ئەمریکا لەم ڕێگایەدا ئادە نییە تێچووی زیاتر تەرخان بکات.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 702

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha