تۆڕێكی قاچاخچی کە كۆچبەرانی كوردیان بۆ ئەورووپا دەگواستەوە دەستگیر كران
بەشی جیهان- تۆڕێكی قاچاخچیی ئەورووپی كە بە بەكارهێنانی پاسپۆرتی دیپلۆماسیی ساختە كۆچبەرانی نایاسایی كوردیان بۆ وڵاتانی یەكێتیی ئەورووپا گواستووەتەوە ئاشکرا کرا.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئاژانسی ئەورووپی بۆ هەماهەنگیی دادوەری (یۆرۆجست) بڵاویكردەوە، ئەفسەرانی جێبەجێ كردنی یاسا لە نەمسا و بەلجیكا و ئەڵمانیا، بە پاڵپشتیی شارەزایانی (یۆرۆپۆڵ) و (یۆرۆجست)، توانیویانە تۆڕە تاوانكارەكە دەستگیربكەن كە كاریان گواستنەوەی كۆچبەرانی نایاسایی و ساختەكردنی بەڵگەنامە و سپیكردنەوەی پارە بووە.

تۆڕەكە كۆچبەرانی نایاسایی كوردی گواستووەتەوە لەڕێی فڕۆكەیەكەوە لە توركیا بە بەكارهێنانی پاسپۆرتی دیپلۆماسیی ساختە، بەرامبەر نزیكەی 20 هەزار یۆرۆ.

كۆچبەرەكان لە فڕۆكەخانەی وڵاتانی ئەورووپیدا، لەوانەش نەمسا، فەرەنسا و ئەڵمانیا دابەزێندراون، "دواتر پاسپۆرتە ساختەكانیان لەناوبردووە" پاشان بەشێوەیەكی ڕێكخراو داوای مافی پەنابەرییان كردووە.

بەپێی ئاژانسە ئەورووپییەكە لانیكەم پێنج پڕۆسەی گواستنەوەی كۆچبەران لە پێنج وڵاتی جیاوازی ئەورووپیدا لەماوەی نێوان تشرینی یەكەم تا كانونی یەكەمی 2020 ئەنجامدراوە، جگە لەوەش پلان دانراوە بۆ چەندین پڕۆسەی دیكەی لەوجۆرە.

ئاشكراشی كرد، بەهۆی چالاكیی دەزگا ئەمنییەكان كە لە 13ی ئەم مانگە ئەنجامدرا، پێنج كەس دەستگیركران، دووانیان لە بەلجیكا و سیان لە ئیتاڵیا.

هەروەها لە ئەنجامی پشكنینی ئەفسەراندا دەستگیرابەسەر دوو فڕۆكە، 80 هەزار یۆرۆ، كەلوپەلی ساختەكردنی پاسپۆرت و سڕكردنی 173 هەزار دۆلار لە ئەژمارێكی بانكیدا لە ئیتاڵیا.

 

سەرچاوە: ئاوێنە