هیچ ڕێککەوتنێکی سیاسی لەبارەی کاتی دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکانی پەرلەمانی عێراق نەکراوە
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- نوێنەری جووڵانەوەی نەوەی نوێ دەڵێت هیچ ڕێککەوتنێکی سیاسی لەبارەی کاتی دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکانی پەرلەمانی عێراق نەکراوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بەدریە ئیبراهیم لە گفتوگۆ لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی "المعلومە" رایگەیاند، دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران گرنگ و پێویستە، و وتی: تا ئێستا هیچ جموجۆڵ و رێککەوتنێکی سیاسی سەبارەت بە کاتی دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران نەکراوە.

ناوبراو وێڕای ئاماژەدان بەوەی کە هەموو چارەسەر و هەوڵەکان بۆ دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی عێراق دواخراون بۆ دوای مەراسیمی چلە ماتەمینی ئیمام حوسێن، دەشڵێت: کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی عێراق ناتوانرێت بەبێ رێککەوتن لەنێوان هەموو هێزە سیاسییەکاندا ئەنجام بدرێت.