وته‌بێژی حکوومه‌تی هه‌رێم بابه‌تی دوو ئیداره‌یی بە توندی ڕەت دەکاتەوە
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- وته‌بێژی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان رایگه‌یاند، بابه‌تی دوو ئیداره‌یی هیچ بنه‌مایه‌کی نییە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، جووتیار عادل، وته‌بێژی حکوومه‌تی هه‌رێم له‌ کۆنگره‌یه‌کی رۆژنامه‌وانیدا له ‌په‌راوێزی کۆڕبەندی وەبەرهێنان‌ و پەرەپێدانی ئابووری له ‌سلێمانی که‌ ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ به‌ڕێوه‌چوو، رایگه‌یاند: "باس کردن له‌ دوو ئیداره‌یی هیچ بنه‌مایه‌کی نیه‌ و ئه‌سڵ ‌و ئه‌ساسی نییه‌".

له‌باره‌ی هه‌نگاوه‌کانی قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆکی حکوومه‌تی هه‌رێم له‌ سنووری سلێمانی ‌و هه‌وڵه‌کانی بۆ رێکخستنه‌وه‌ی کاروباری داموده‌زگاکان، جووتیار عادل وتی‌: "ئێمه‌ له‌ 100% پاڵپشتی هه‌نگاوه‌کانی قوباد تاڵه‌بانی ده‌که‌ین".

په‌یوه‌ست به‌لێدوانه‌که‌ی شاسوار عه‌بدولواحید سه‌رۆکی جووڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ که‌ رایگه‌یاندبوو 22 ملیار دیناری هه‌رێمی کوردستان دیار نه‌ماوه‌، وته‌بێژی حکوومه‌تی هه‌رێم وتی‌، "داهات ‌و خه‌رجی حکوومه‌تمان بۆ هه‌موو لایه‌ک راگه‌یاندوه ‌و بابه‌تی 22 ملیار دینار بۆ ده‌ستکه‌وتی‌ سیاسی به‌کاردێت ‌و هیچ بنه‌مایه‌کی نیه‌".

ئەمەش دوای ئەوە دێت، هەفتەی رابردوو سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند، بەپێی ژماردنی سەرجەم داهاتەکانی ئەم کابینەیە واتە کابینەی ٩ی مەسروور بارزانی، زیاتر لە ٢٢ ملیار دۆلار دیار نییە.