شەرقولئەوسەت باس لە ڕێککەوتنی ژێربەژێری  پارتی و یەکێتی دەکات
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت لە ڕاپۆرتێکدا باس لە پڕۆسەی دانوستانی نێوان پارتی دیموراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکات و دەنووسێت گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە دانوستانەکانی پارتی و یەکێتی ڕوویداوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕۆژنامەی "الشرق الأوسط" لە زاری بەرپرسێکی باڵای هەرێمی کوردستانەوە ئاشکرایکرد کە گۆڕانکارییەکی "بنەڕەتی" لە دانووستانەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسعوود بارزانی و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی ڕوویداوە کە خۆی دەبینێتەوە لە زیندووکردنەوە و بنیادنانی "بەرەیەکی یەکگرتوو" بۆ یەکلاییکردنەوەی هەمەلایەنەی کێشە و ناکۆکییەکان لە هەرێمی کوردستان پێش ئەوەی بە یەک کاندیدی هاوبەش بۆ سەرۆکایەتی کۆمار بچنە بەغدا.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، کە بەهۆی هەستیاریی دانوستانەکانەوە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، قسەی لەگەڵ "الشرق الأوسط" کردووە، "تاڕادەیەک ئەوە یەکلاییبووەتەوە کە یەکێتی و پارتی بە دوو کاندیدی جیاوازەوە ناچنە کێبرکێی پۆستی سەرۆککۆمار لە پەرلەمانی عێراق".

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو کە هەردوو لایەن رێککەوتوون لەسەر زیندووکردنەوەی بەرەیەکی یەکگرتووی کوردی، وەک لە ڕابردوودا هەبووە و ڕاشیگەیاند، ئەم بەرە دووقۆڵییە "سەرەتا دانوستان لەسەر پۆستی سەرۆککۆمار ناکات، بەڵکوو هاوکێشەیەکی سیاسی نوێ لەناو هەرێمی کوردستاندا دروست دەکات".

بە وتەی بەرپرسێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئێستا دانوستانەکان لە “قۆناغێکی پێشکەوتوودان، دوای ئەوەی هەردوو لایەن گەیشتنە شێوازێکی نوێ بۆ پێچەوانەکردنەوەی ڕێڕەوی دانوستانەکان، بەشێوەیەک پۆستی سەرۆککۆمار یەکێکە لە دەرەنجامەکانی، نەک سەرەتای دانوستانەکان".

ئەو سەرچاوەیە ڕەتیکردەوە هیچ لێدوانێک بدات لەسەر ئەوەی کە ئایا بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆمار کە سەر بە یەکێتی نیشتمانیی کوردستانە لە خولێکی نوێدا بەردەوام دەبێت یان کاندیدبوونی خۆی دەکشێنێتەوە، بەڵام بەڕوونی ئەوەی خستەڕوو کە "ئەو گۆڕانکاریانەی کە لە دانوستانەکانی ناوخۆی هەرێم خوازراون، کارەکە ئاسانتر دەکات".