سەرۆک کۆماری ئێران پێوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵەی ژینا ئەمینی ئەنجام دا
بەشی ئێران- بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی نووسینگەی سەرۆکایەتی کۆماری ئێران ڕایگەیاند: سەرۆک کۆمار پێوەندی بە بنەماڵەی ژیناوە کردووە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، محەمەد مەهدی ڕەحیمی لە تویتێکدا بڵاوی کردەوە: سەرۆک کۆماری ئێران دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ بە تەلەفۆن لەگەڵ بنەماڵەی خوالێخۆشبوو ژینا ئەمینی قسەی کردووە.

سه‌رۆک کۆماری ئێران له‌ په‌یوه‌ندییه‌کی ته‌له‌فۆنیدا له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌ی خوالێخۆشبوو مه‌هسا ئه‌مینی (ژینا)، هاوسۆزیی خۆی بۆ ئه‌و بنه‌ماڵه‌ ده‌ربڕی و داوای سه‌بر و پاداشتی ئازاره‌کانیانی لە خودا کرد، و وتی: له‌ سه‌فه‌رم بۆ ئۆزبه‌کستان له‌م ڕووداوه‌ ئاگادار بووم، ده‌ستبه‌جێ فه‌رمانم کرد هاوکاران بۆ لێکۆڵینەوەی تایبەت لە بابەتەکە بخەنە بەرنامەی کارەوە و دڵنیا بن کە من لە دامەزراوە بەرپرسیارەکان داوا دەکەم بۆ ئەوەی ڕەهەندەکانی ئەم ڕووداوە ڕوون بکرێنەوە.

لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا کە نیوەڕۆ ئەنجام دراوە، سەرۆک کۆمار جەختی لەوە کردەوە کە هەموو کچانی ئێرانی بە منداڵی خۆی دەزانێت و وتی: کچەکەتان وەک کچەکەی خۆم وایە، هەست دەکەم ئەم ڕووداوە بەسەر یەکێک لە ئازیزانمدا هاتووە. من بە هاوبەشی خەمی خۆتان بزانن.