ئەندامێکی باڵای PKK لە باکووری سووریا کوژرا
بەشی تورکیا- دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی تورکیا ئیدیعا دەکات لە ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانیدا لە عەین عیسا بەرپرسی ناوچەی فوراتی پەکەکە کوژراوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی تورکیاڕایگەیاند  (MİT) لە ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانییدا کە لە رێگەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی چەکدارەوە لە ناوچەی عەین عیسا باکووری سووریا ئەنجامی دا، بەرپرسی ناوچەی فوراتی رێکخراوی پەکەکە/یەپەگە، مەهمەت گوربوز کە ناوە نهێنییەکەی ''رۆژهەڵات کاراکۆچان''ە کوژراوە.

هەر بەپێی ئەو زانیارییەی لە سەرچاوە ئەمنییەکانەوە دەست ئاژانسی ئانادۆڵو کەوتووە، میت لە رێگەی ئەو زانیاریە هەواڵگریەی لە کارمەندانی مەیدانییەوە دەستی خستووە لە ١٦ی ئەیلوولدا، ئۆپەراسیۆنێکی بۆ کوشتنی مەهمەت گوربوز ئەنجام داوە.

لە ئۆپەراسیۆنێکدا کە لە رێگەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی چەکدارەوە لە ناوچەی عەین عیسا باکووری سووریا ئەنجامدرا، مەهمەت گوربوز و پاسەوانەکەی دەکوژرێن.

ئانادۆڵۆ بڵاوی کردەوە لەو چوارچێوەیەشدا، دوای وەرگرتنی زانیاری هەواڵگریی لەبارەی دەرهێنانی مووشەکی گراد لە کۆگایەکی ناوچەی عەین عیسا، هەمان رۆژ دوو ئۆپەراسیۆنی دیکە لە ناوچەکە لە رێگەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی چەکدارەوە ئەنجامدرا دژبە بارهەڵگرێک کە تەقەمەنی هەڵگرتبوو.

ڕاشیگەیاند لەو ئۆپەراسیۆنەدا، سێ چەکداری پەکەکە کوژراون کە بەنیازی ئەنجامدانی پەلاماربوون بۆ سەر هێزە ئەمنییەکانی تورکیا لە ناوچەی کانی ئاشتی.