سه‌در ڕازیی بووه‌ لە حەنانە پێشوازی له‌ پارتی، سوننه‌کان و هادی عامری بکات
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئه‌ندامی فراکسیۆنی پارتی له‌ په‌رله‌مانی عێراق رایگه‌یاند، موقته‌دا سه‌در ده‌ستپێشخه‌ریه‌که‌ی پارتی و هاوپه‌یمانی سه‌روه‌ری (سوننه‌کان)ی قبووڵ کردووه‌ و رازی بووه‌ به‌وه‌ی که‌ له‌ حه‌نانه‌ پێشوازی له‌ شاندی پارتی، سوننه‌کان و هادی عامری بکات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مه‌حما خه‌لیل راگه‌یاند: "پارتی و هاوپه‌یمانی سه‌روه‌ری ده‌پێشخه‌ریه‌کیان پێشکه‌ش کردووه‌ و موقته‌دا سه‌در رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در ده‌ستپێشخه‌ریه‌که‌ی قبووڵ کردوه‌ و رازیی بووه‌ پپێشوازی له‌ شاندی پارتی، سوننه‌کان و هادی عامری بکات، قبووڵ کردنه‌که‌ش دوای ئه‌وه‌ هات که‌ پارتی و یه‌کێتی لێنزیکبوونه‌وه‌ له‌ نێوانیاندا روویدا".

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کرد، بڕیاره‌ هه‌فته‌ی داهاتوو شاندێکی پارتی و هاوپه‌یمانی سه‌روه‌ری سه‌ردانی حه‌نانه‌ بکه‌ن له‌گه‌ڵ موقته‌دا سه‌در کۆ ده‌بنه‌وه‌ و شاندی پارتی فوئاد حسێن سه‌رۆکایه‌تی ده‌کات و شاندی هاوپه‌یمانی سه‌روه‌ریش له‌لایه‌ن محه‌مه‌د حه‌لبوسی و خه‌میس خه‌نجه‌ر سه‌رۆکایه‌تی ده‌کرێت و هادی عامریش به‌شدار ده‌بێت، سه‌ره‌تای کۆبوونه‌کانیش له‌ حه‌نانه‌ ده‌بێت.

مه‌حما خه‌لیل باسی له‌وه‌ش کرد، "هێشتا کێشه‌ هه‌یه‌ و دیار نیه‌ که‌ی کۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مان ده‌کرێت، به‌ڵام له‌ ده‌ستپێشخه‌ریه‌که‌ی پارتی و هاوپه‌یمانی سه‌روه‌ریدا هه‌ندێکی تێبینی موقته‌دا سه‌در وه‌ک هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌رله‌مان ره‌چاو کراوه‌، به‌ڵام کێشه‌ هه‌یه‌ له‌وه‌ی که‌ به‌ کام یاسا هه‌ڵبژاردن بکرێت و که‌ی هه‌ڵبژاردن بکرێت؟ که‌ ئه‌مانه‌ هه‌مووی پرسیارن".