دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی، هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان کەمی کردووە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق جەختی کردەوە کە حکوومەتی هەرێم پابەندە بە جێبەجێ کردنی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی لەبارەى یاسای نەوت و غاز و لەدوای بڕیارەکەوە، ئاستی هەناردەی هەرێم کەمیکردووە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، عەلا یاسری، بەڕێوەبەری كۆمپانیاكە لە لێدوانێکدا بە ئاژانسی فەرمی عێراقییەی (19ی ئەیلولی 2022) ڕاگەیاند: "دادگای فیدراڵی بڕیارێكی دەركرد كە تیایدا هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم ئەو گرێبەستانەی حكوومەتی هەرێم ڕاگەیاند کە سەبارەت بە دەرهێنان و هەناردەکردنی نەوتی خاو کردوونی".

یاسری ئاماژەی بەوەش کرد، "وەزارەتی نەوت دەستیکردووە بە پەرەپێدانی میکانیزمی نەرم و نیان بەمەبەستی گواستنەوەی تەواوی مەلەفەکە بۆ حکوومەتی فیدراڵی، بەڵام ئەو بابەتە لەلایەن حکوومەتی هەرێمەوە پێشوازیی لێنەکرا، ئەوەش وای لە وەزارەتی نەوت کرد رێوشوێنی یاسایی بگرێتەبەر".

ئاماژەی بەوەش کردووە، "حکوومەتی هەرێم پابەندە بە جێبەجێ کردنی بڕیارەکەی دادگا".

ناوبراو وتیشی، "کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت رێوشوێنی گرتۆتەبەر و سەرجەم کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان ئاگادارکراونەتەوە کە نەوتی خاو لە هەرێم نەکڕن"، ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەو بڕە نەوتەی لە هەرێمەوە هەناردەکراوە ساڵی رابردوو نزیکەی 420 هەزار بەرمیل بووە لە رۆژێکدا، بەڵام ئەمساڵ بڕی هەناردەکراو کەمیکردووە بۆ نزیکەی 355 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا".

بەڕێوەبەری كۆمپانیای سۆمۆ جەختیشی كردەوە، "حكوومەتی هەرێم نەوت بە نرخێكی كەمتر لە حكومەتی ناوەندی دەفرۆشێت، هەروەها بەپێی ئەو هەواڵانەی كە ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویكردۆتەوە، هەرێم نەوت 16 بۆ 20 دۆلار کەمتر دەفرۆشێت، سەرەڕای ئەوەی لە هەمان ناوچە و بە هەمان کوالێتی دەردەهێنرێت".

News Code 7045

Your Comment

You are replying to: .
captcha