دوو پرسی سەرەکی لەنێوان یەکێتی و پارتی هەیە کە لەسەر هیچیان ڕێکنەکەوتوون
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- به‌رپرسێکى باڵاى یه‌کێتیى نیشتمانی یده‌گه‌یه‌نێت: "دوو پرسى سه‌ره‌کى له‌نێوانمان هه‌یه‌، له‌سه‌ر هیچیان ڕێکنه‌که‌وتووین".

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سه‌عدى ئه‌حمه‌د پیره‌ ئه‌ندامى مه‌کته‌بى سیاسیى یه‌کێتى نیشتمانیى کوردستان ڕایگه‌یاند، کۆبوونه‌وه‌ى نێوان بافڵ تاڵه‌بانى سه‌رۆکى یه‌کێتى ‌و مه‌سعوود بارزانى سه‌رۆکى پارتى له‌سه‌ر پرسى هه‌ڵبژاردنه‌کان بووه‌.

ئه‌و به‌رپرسه‌ى یه‌کێتى بۆ میدیای پارتی ئاشکرای کردوه: "کێشه‌ى نێوان هه‌ردوولا (پارتى‌ و یه‌کێتى) له‌سه‌ر کۆمه‌ڵێک پرسى په‌یوه‌ست به ‌هه‌ڵبژاردنه‌کان بووه‌، به‌ڵام تائێستا هیچیان چاره‌سه‌ر نه‌کراون".

سه‌عدى پیره‌ ده‌ڵێت: "پێویسته‌ کورد به‌یه‌که‌وه‌ بچنه‌ به‌غدا، له‌سه‌ر پۆستى سه‌رۆکى کۆماریش نه‌گه‌یشتونه‌ته‌ هیچ ڕێکه‌وتنێک، چونکه‌ ته‌نها پۆستى سه‌رۆک کۆمار ماوه‌ له ‌به‌غدا که‌ لاى یه‌کێتیه‌، پارتى ئه‌وه‌شى پێ ڕه‌وا نابینێت، ئه‌ى واتاى شه‌راکه‌ت چییه‌؟".

مه‌کته‌ب سیاسییه‌که‌ى یه‌کێتى زانیارى زیاتر له‌وباره‌یه‌وه‌ ئاشکرا ده‌کات ‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت: "کۆمه‌ڵێک کێشه‌ى زۆرمان له‌گه‌ڵ تۆمارى ده‌نگده‌ران ‌و پرسى کۆتاکان هه‌یه‌ و تائێستا کۆتا بۆ یه‌کلایه‌ن سوودى لێوه‌رگیراوه ‌و بازنه‌کانى هه‌ڵبژاردنیش بابه‌تى گفتوگۆن له‌نێوان ئێمه‌و پارتیدا".

پیره‌ له‌باره‌ى ڕێکه‌وتنى پارتى ‌و یه‌کێتى له‌سه‌ر پۆستى سه‌رۆک کۆمار جه‌ختی کرده‌وه‌، "تائێستا پارتى‌ و یه‌کێتى له‌سه‌ر پۆستى سه‌رۆک کۆمار ڕێکنه‌که‌وتوون".