ئیمانوئیل ماکرۆن و مستەفا کازمی په‌یوه‌ندییه‌ دوو قۆڵییه‌کانی نێوان هەردوو وڵاتەکەیان تاوتوێ دەکەن
بەشی جیهان- مسته‌فا کازمی سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق له‌ نیویۆرک له‌گه‌ڵ ئیمانوێل ماکرۆن سه‌رۆکی فەڕه‌نسا کۆبۆوه.

بەپێی هەواڵیکوردپرێس، به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێکی نوسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق، له‌ چوارچێوه‌ی کۆبوونه‌وه‌ دوو قۆڵییه‌کانیدا له‌ په‌راوێزی به‌شداری کردنی له‌ کۆبوونه‌وه‌کانی ئه‌نجومه‌نی گشتی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان که‌ له‌ نیویۆرک، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ مسته‌فا کازمی له‌گه‌ڵ ئیمانوێل ماکرۆن کۆبۆوه‌.

له‌ دیداره‌که‌دا باس له‌ په‌یوه‌ندییه‌ دوو قۆڵییه‌کانی نێوان هه‌ردوو وڵاتی دۆست و رێگاکانی په‌ره‌پێدانیان له‌ بوار و ئاسته‌ جیاوازه‌کاندا کرا، هه‌روه‌ها کۆمه‌ڵێک پرس و دۆسیه‌ی هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تی و به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌ش تاوتوێ کران.

له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا باس له‌ ئاسۆی هاوکاری هاوبه‌شی نێوان هه‌ردوو وڵات کرا له‌ بواره‌کانی ئاسایش و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر، هه‌روه‌ها جه‌خت له‌سه‌ر به‌هێزکردنی هاوکاری ئابووری له‌ بواره‌ جیاجیاکاندا کرایه‌وه‌ که‌ له‌ پێش هه‌موویانه‌وه‌ له‌بواره‌کانی وزه‌ و وه‌به‌رهێنان.

هه‌ر به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌که‌، له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا باس له‌ پێویستی ئاماده‌کاری بۆ به‌ڕێوه‌چوونی کۆنفڕانسی به‌غدا 2 بۆ هاوکاری و هاوبه‌شی کرا، هه‌روه‌ها رۆڵی دیار و به‌رچاوی عێراق له‌ ناوچه‌که‌دا و هه‌وڵه‌کانی بۆ به‌رزکردنه‌وه‌ی ئاسایش له‌ رێگه‌ی سیاسه‌تی هێوربوونه‌وه‌ و لێکنزیکبوونه‌وه‌ی بۆچوونه‌کان به‌رزنرخێندرا به‌ شێوازێک که‌ سه‌قامگیری عێراق و ناوچه‌که‌ و ئاوه‌دانی گه‌له‌کانی زیاتر بکات.

هه‌روه‌ها له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا گفتوگۆ له‌سه‌ر هه‌وڵه‌کانی کازمی کرا بۆ دۆزینه‌وه‌ی ده‌رچه‌ بۆ چاره‌سه‌رکردنی قه‌یرانی سیاسی ئێستا و ده‌ستپێشخه‌ری دیالۆگی نیشتمانی، سه‌رۆکی فەڕه‌نسا پشتیوانی خۆی بۆ ده‌ربڕی و جه‌ختی کرده‌وه‌، له‌سه‌ر پێویستی هاندانی هێزه‌ سیاسییه‌کانی عێراق بۆ گفتوگۆ له‌ناوخۆدا و چاره‌سه‌ری پرۆسه‌ی سیاسی و ره‌چاوکردنی ده‌ستوور.