قوباد تاڵه‌بانی و سێلێست واڵندەر تاوتوێی پرۆسه‌ی چاکسازییه‌کان له‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ دەکەن
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆک وه‌زیران له‌گه‌ڵ سێلێست واڵنده‌ر یاریده‌ره‌ی وه‌زیری به‌رگریی ئه‌مریکا بۆ کاروباری ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی کۆ بوویەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێکی نووسینگه‌ی جێگری سه‌رۆکی حکوومه‌تی هه‌رێم، له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا که‌ له‌ هه‌ولێر به‌ڕێوه‌چوو و تیایدا باڵیۆزی ئه‌مریکا له‌ عێراق و کۆنسوڵی ئه‌و وڵاته‌ له‌ هه‌رێم ئاماده‌ی بوون، گفتوگۆکرا له‌باره‌ی پرۆسه‌ی چاکسازییه‌کان له‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ و جه‌خت کرایه‌وه‌، له‌سه‌ر پێویستیی به‌هێزکردنی هێزی پێشمه‌رگه‌ وه‌ک هێزێکی نیشتمانی.

له‌مباره‌یه‌وه‌ قوباد تاڵه‌بانی رایگه‌یاند: "حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ چاکسازییه‌کانی له‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ تا ئه‌وکاته‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ به‌ ته‌واوه‌تی ده‌بێته‌ هێزێکی تۆکمه‌تر و رێکخراوتر"، ستایشی ئه‌مریکاشی کرد بۆ هه‌ماهه‌نگی و هاوکارییه‌کانی بۆ  هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان.

له‌ ته‌ورێکی تری کۆبوونه‌وه‌که‌دا تاوتوێی چۆنییه‌تی په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان هه‌رێمی کوردستان و ئه‌مریکا کرا و هه‌ردوولا هاوڕابوون له‌سه‌ر گرنگیی هاوپه‌یمانی نێوان کورد و ئه‌مریکا و به‌هێزترکردنی هاوپه‌یمانێتییه‌که‌.

جێگری سه‌رۆک وه‌زیران به‌ گرنگییه‌وه‌ باسی له‌ ئیمزا کردنی یاداشتی لێکتێگه‌یشتنی نێوان وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مریکا و وه‌زارتی پێشمه‌رگه‌ کرد و ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا، "ئه‌م لێکتێگه‌یشتنه‌ی ئه‌مڕۆ ئیمزا کرا کاریگه‌ری گرنگی ده‌بێت له‌سه‌ر به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر و پاراستنی ئاسایش و سه‌قامگیری هه‌رێمی کوردستان و عێراق".