قه‌یس خه‌زعه‌لی: راگرتنی کاری ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق هه‌ڵه‌یه‌ و ناده‌ستوورییه‌
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئه‌مینداری گشتیی بزوتنه‌وه‌ی عه‌سائیب ئه‌هل حه‌قی عێراقی ئاشکرای کرد، چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی به‌ رووی هه‌موو داواکارییه‌کانی ره‌وتی سه‌در کراوه‌یه.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، قه‌یس خه‌زعه‌لی ئه‌مینداری گشتیی بزوتنه‌وه‌ی عه‌سائیب ئه‌هل حه‌ق له‌میانی چاوپێکه‌وتنێکدا له‌گه‌ڵ میدیای فه‌رمی عێراقدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ کردووه‌، چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی  پێشوه‌خته‌ و جێبه‌جێ کردنی داواکارییه‌کانی ره‌وتی سه‌در ئاماده‌یه‌، به‌ڵام راگرتنی کاری ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق هه‌ڵه‌یه‌ و ناده‌ستوورییه‌.

خه‌زعه‌لی هه‌ڵوێستی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگیشی روونکردووه‌ته‌وه‌، سه‌باره‌ت به‌ به‌شداری ره‌وتی سه‌در له‌ پرۆسه‌ی سیاسی عێراق که‌ له‌گه‌ڵ په‌راوێزخستنی ره‌وتی سه‌دردا نین.

سه‌باره‌ت به‌ ئه‌نجامدانه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌، خه‌زعه‌لی جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ کردووه‌ته‌وه‌، زۆرینه‌ی لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان له‌ هه‌موو پێکهاته‌کان به‌ چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگیشه‌وه‌، هه‌روه‌ها ته‌نانه‌ت نه‌ته‌وه‌کگرتووه‌کان و کۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیش له‌گه‌ڵ دووباره‌کردنه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردندا نه‌بوون، به‌ڵام ره‌زامه‌ندییان نیشاندا وه‌ک په‌یامێک تاوه‌کو ره‌وتی سه‌در بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ پرۆسه‌ی سیاسی له‌ عێراق.

ئه‌و سه‌رکرده‌یه‌ی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی گوتیشی، محه‌ممه‌د شیاع سودانی ئاماده‌یه‌ ده‌ستبه‌رداری کاندیدبوونی بێت بۆ پۆستی سه‌رۆک وه‌زیران، ئه‌گه‌ر هه‌موو کێشه‌که‌ وازهێنانی ئه‌و بێت، به‌ڵام پرسیاره‌که‌ له‌وه‌دایه‌، "ره‌وتی سه‌در کاتێک ده‌یانه‌وێت قسه‌یان هه‌بێت له‌ دیاری کردنی سه‌رۆک وه‌زیراندا، ئایا له‌گه‌ڵ چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی به‌رپرسیاریه‌تی شکست و سه‌رکه‌وتنی حکوومه‌تی داهاتوو له‌ ئه‌ستۆ ده‌گرن؟".

هه‌روه‌ها باسی له‌وه‌ش کردووه‌، ئه‌گه‌ر ره‌وتی سه‌در هیچ وه‌ڵامێکیان بۆ ده‌ستپێشخه‌رییه‌کانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی نه‌بێت، ئه‌وا هیچ رێگه‌ چاره‌یه‌کی دیکه‌یان نییه‌، ته‌نها به‌رده‌وامبوون نه‌بێت له‌سه‌ر هه‌وڵه‌کانیان بۆ کاراکردنه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران و پێکهێنانی حکومه‌ت، له‌به‌رئه‌وه‌ی دۆخی وڵات له‌وه‌ زیاتر به‌رگه‌ی چه‌قبه‌ستوویی سیاسی ناگرێت و پێویستی به‌ پێکهێنانی حکومه‌تێکی نیشتمانییه‌ بۆ خزمه‌تی هاووڵاتیان.

له‌ به‌شێکی دیکه‌ی گوته‌کانیدا سه‌باره‌ت به‌ مانه‌وه‌ی مسته‌فا کازمی له‌ پۆسته‌که‌ی، خه‌زعه‌لی رایگه‌یاند، ئه‌و بابه‌ته‌ له‌ناو چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی یه‌کلایی کراوه‌ته‌وه‌ و ماوه‌ی سه‌رۆکایه‌تی کازمی له‌ پۆستی سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراقدا کۆتایی هاتووه‌ و به‌رده‌وام نابێت.