ئەمڕۆ هاوپەیمانیی "رەنج و ئازادی" بە فەرمی رادەگەیێندرێت
بەشی تورکیا- چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ شەممە دامەزراندنی "هاوپەیمانیی رەنج و ئازادییەکان" بەشێوەیەکی فەرمی لە لایەن هەدەپە و شەش لایەنی دیکەی سیاسی لە ئیستەنبووڵ رابگەیێندرێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، تەلەفزیۆنی رووداو بڵاوێ کرڕدەوە ئاهەنگی راگەیاندنی هاوپەیمانییەکە و بڵاوکردنەوەی نەخشەڕێگەی سیاسیی کارکردنی هاوبەشیان، کاژێر 15:30ی ئەمڕۆ لە هۆڵی کۆنگرەکانی هالیچ لە ئیستەنبووڵ بە بەشداربوونی سەدان کەس بەڕێوەدەچێت.

رۆژی 16ی ئەیلوولی 2022، میدحەت سانجار، هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان - هەدەپە لە ئەرزەڕۆمی کوردستانی تورکیاوە هەواڵی راگەیاندنی هاوپەیمانییەکە و بڵاوکردنەوەی نەخشەڕێگەی سیاسیی ئەو هاوپەیمانێتییەی ئاشکرا کرد.

میدحەت سانجار رۆژی 16ی ئەیلوول لە کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەندام و لایەنگرانی پارتەکەی لە شارۆچکەی کاراچۆبان سەر بە پارێزگای ئەرزەڕۆم لە کوردستانی تورکیا گوتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند: "ناتوانین بەتەنیا رووبەڕووی ستەمی دەسەڵات و ئەو رژێمە ببینەوە کە دەسەڵات بنەماکانی داڕشتووە و دژایەتیی هەمووانی پێدەکات، بۆیە لایەنە دیموکراسیخوازەکانمان بانگهێشکرد بۆ دامەزراندنی ئەم هاوپەیمانییە".

ئەو پارتانەی لەگەڵ هەدەپە لە هاوپەیمانێتییەکەدان بریتین لە؛ پارتی کرێکاری تورکیا (TİP)، پارتی رەنجدەران (EMEP)، پارتی ئازادی کۆمەڵگە (TÖP)، پارتی بزووتنەوەی رەنجدەران (EHP)، فیدراسیۆنی ئەنجوومەنی سۆسیالیزم (SMF) و رێکخراوی ماڵی خەڵک (HEV).