هێرشی تۆپخانەیی سوپای ئێران بۆسەر بنکەی چەند گرووپێک لە هەرێمی کوردستان
بەشی ئێران- سوپای ئێران ڕایگەیاند "شوێنی جێگیر بوون و بنکەی چەند گرووپێکی تیرۆریستیی لە هەرێمی باکووری عێراق کردۆتە ئامانجی تۆپخانەیی هێزی زەمینی".

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، پێوەندییە گشتیەکانی هێزی زەمینیی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران ئەمڕۆ شەممە لە ڕاگەیێندراوێکدا باسی لە دەست پێکردنی ئۆپەراسیۆنی یەکینەکانی بنکەی حەمزە سەیدولشوهەدا کرد "بۆ خاپوور کردنی بنکەی گرووپە تیرۆریستییەکانی دژ بە ئێران و سەربە ئیستکباری جیهانی لە هەرێمی باکووری عێراق".

لە بەشێکی ڕاگەیێندراوەکەدا هاتووە: "پاش دەستدرێژییەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی چەکدارانی ئەو گرووپانە کە سەر بە ئیستیکباری جیهانیین و دژە شۆڕشن و تێپەڕاندنی سنوورەکان لە لایەن ئەو گرووپانەوە هێزی زەمینی سوپا وەڵامی هێرشەکانی داوەتەوە و بنکە و بارەگاکانی گرووپە تیرۆریستییەکانی لە هەرێمی باکووری عێراق کردۆتە ئامانجی تۆپخانەیی".