هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بە بەشداریی چوارچێوەى شیعى و پارتى و یەکێتى و سوننەکان واژۆ کرا
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- پارتى ناوەڕۆکى رێککەوتنى پێکهێنانى هاوپەیمانی شەش قۆڵىی راگەیاند و دەڵێت بەپێنج مەرج رازی بوون بچنە ناو هاوپەیمانێتییەکەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، شێروان دووبەردانی، پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانى عێراق لە چاوپێکەوتنێکى تەلەفزیۆنیدا بە "رووداو" وتى: "درەنگی دوێنێ شەو، رێککەوتنی پێکهێنانی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لەنێوان چوارچێوەی هاوئاهەنگی، پارتی، یەکێتی، هاوپەیمانیی عەزم، سەروەری و بابلیون واژۆ کرا".

دووبەردانی روونیشی کردەوە: "پارتی بە هەندێک خاڵ داوای مافی کورد دەکات و لەو رێککەوتنەش هەندێک خاڵ خراونەتەڕوو کە بەشێکیان داواکاریی پێشووتری پارتی بوون، وەک جێبەجێ کردنی ماددەکانی دەستوور لەوانە ماددەی 140، دەنگدان لەسەر یاسای نەوت و گاز؛ هەروەها پارتی داوا دەکات سەرۆکوەزیران بۆ هەموو عێراق بێت و نابێت دژی هەرێمی کوردستان و بودجەی هەرێمی کوردستان بەکاربهێندرێت".

لەبارەی بەشێکی دیکە لە داواکارییەکانی حیزبەکەی، شێروان دووبەردانی وتی "لەبارەی دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنی پێشوەختە پێشتر پارتی وتوویەتی، دەبێت بە گوێرەی دەستوور هەڵبژاردن بکرێتەوە و پەرلەمان هەڵبوەشێندرێتەوە. هەروەها یەکێکی دیکە لە خاڵەکان رادەستکردنەوەی بارەگاکانی پارتییە لە نەینەوا و کەرکووک".

بە وتەی ئەو پەرلەمانتارەی پارتی، دوای ئەو رێککەوتنەش پارتی سوورە لەسەر بەربژێرکردنی رێبەر ئەحمەد بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق.

پێشتر نووسینگەى نوورى مالیکى سەرۆکى هاوپەیمانى دەوڵەتى یاسا رایگەیاندبوو، کەشتى هاوپەیمانى بەڕێوەبردنى دەوڵەت بەڕێکەوتووە، لە ئاماژەیەکدا بۆ نزیکبوونەوەى راگەیاندنى هاوپەیمانێتییەکە کە چوارچێوەى شیعى و پارتى و یەکێتى و سوننەکان لەخۆدەگرێت.

لاى خۆیەوە، فادى شەمەرى ئەندامى مەکتەبی سیاسی رەوتى حیکمە لە تویتێکدا نوسیویەتى، ڕێککەوتنى کۆتایی کراوە بۆ پێکهێنانى هاوپەیمانى بەڕێوەبردنى دەوڵەت، لەنێوان چوارچێوە و پارتى و یەکێتى و سیادە و عەزم و بابلیۆن و وەرەقەى سیاسی واژۆ کراوە.

دەشڵێت، چاوەڕوانى تەوابوونى گفتوگۆکانن بۆ دیاری کردنى کاندیدى سەرۆک کۆمار و دەستپێکردنەوەى دانیشتنەکانى پەرلەمان.