چوارچێوەی هەماهەنگی لە ڕاگەیەندراوێکدا داوای یەکلایی کردنەوەی کاندیدی سەرۆک کۆمار دەکات
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- چوارچێوەی هەماهەنگی ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە داوا لە هێزە کوردستانییەکان دەکات، کاندیدیان بۆ سەرۆک کۆمار یەکلا بکەنەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە ڕاگەیەندرواەکەی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکاندا هاتووە: چوارچێوەی هەماهەنگی کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا و پێشوازی لە بانگهێشتی ئەنجومەنی نوێنەران دەکەین بۆ دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکانی پەرلەمان.

هەروەها، ئامادەیی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە دوای پێکهێنانی حکوومەت و پەسەند کردنی بودجە و هەمواری یاسای هەڵبژاردنەکان نیشان دا و داوا لە هێزە کوردستانییەکان دەکات، کاندیدیان بۆ سەرۆک کۆمار یەکلا بکەنەوە.

وەک لە ڕاگەیەندراوەکەیاندا هاتووە: پێشوازی لە بەشداری هێزە نیشتمانییەکان بە تایبەت رەوتی سەدری دەکەین لە گفتوگۆکان و پێکهێنانی حکوومەتدا، هەموو دەستێوەردانێکی دەرەکی ڕەت دەکەنەوە.