نیەتی ڕاستەقینەمان هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغدا
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- کاندیدی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، نیەتی ڕاستەقینە و ئیردەمان هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغدا.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، محەمەد شیاع سوودانی کاندیدی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا ڕایگەیاندووە: "من لەو جۆرە خەڵکانە نیم تەنها پێش پێکهێنانی حکومەت بەڵێن بدەم و دواتر جێبەجێ نەکەم، ئەمەم بە ڕوونی بە مەسعوود بارزانی و مەسروور بارزانی و نێچیرڤان بارزانی ووت.

محەمەد شیاع سوودانی دەشڵێت: لەگەڵ برایانی کورد چەندین کۆبوونەوەمان هەبووە و "نیەتی ڕاستەقینە و ئیردەمان هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغدا".

ناوبراو باسی لەوەش کرد کە چارەسەر پرسی نەوتی هەرێم تەنها یاسایی نەوت و گازە، ڕەشنووسی پرۆژەکەمان هەیە لە ماوەی شەش مانگە ئامادەی دەکەین و دەینێرینە پەرلەمان و ڕێکەوتین لەسەر ئەوەی یاسایی بودجـە ئامادە بکەین.

کاندیدەکەی چوارچێوەی هەماهەنگی باسی لەوەش کرد کە لە یاسای بودجەی عێراقدا، بوودجـە و مووچەی هەرێم جێ دەکەینەوە، نابێت گەل زەرەرمەندی هیچ ڕێکار و بڕیارێک بێت".