سێبەری هەڕەشەی حکوومەتی تورکیا لەسەر سەری کوردانی دانیشتووی ئەورووپایە

بەشی جیهان- بەگوێرەی راپۆرتی گۆڤاری (کۆدا)، کوردانی دانیشتووی ئەورووپا و بەتایبەتی وڵاتانی سکاندیناڤیا هەمیشە رووبەڕووی توندوتیژی و هەڕەشەی ئەو رێکخراو و گرووپانە دەبنەوە کە لەلایەن حکوومەتی ئەردۆغانەوە پاڵپشتی دەکرێن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، گۆڤاری کۆدا لە راپۆرتێکی تێروتەسەلدا ئاماژەی بە بەربڵاوبوونی ئەو رێکخراو و تۆڕانەی کردووە کە لەلایەن حکوومەتی رەجەب تەیب ئەردۆغانەوە لە وڵاتانی ئەورووپا پاڵپشتی دەکرێن، ئەوەش بە مەبەستی هەڕەشەکردن و ترساندن و بەکارهێنانی توندوتیژی لە دژی پەنابەرانی تورکیا لەو وڵاتانەدا.

ئه‌حمه‌د دۆنموز، ڕۆژنامه‌نووسێکی تورکیایه‌ و له‌ سوێد ده‌ژی و له‌ ڕیزی قوربانیانی توندوتیژی گرووپه‌کانی سه‌ر به‌ تورکیایە‌ له‌ ئه‌ورووپا. ئەوەشی خستەڕوو کە لەلایەن چەند کەسێکی نەناسراوەوە هێرشی کراوەتە سەر. پۆلیس نەیتوانی ناسنامەیان دەستنیشان بکات، بەڵام خۆی دڵنیایە لەوەی فەرمانی هێرشکردنەکە لە ئەنقەرەوە هاتووە.

نیەت شێنکان، بەڕێوەبەری باڵای توێژینەوە لە ئەنستیتۆی فریدۆم هاوس، بە ئەم گۆڤارەی راگەیاندووە، تورکیا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆی بەدوای سەرکوت کردنی ئۆپۆزسیۆندا دەگەڕێت.

هەروەها هێنری بارکی، مامۆستای زانکۆی لیهای، پێیوایە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا کە زیاتر لە دە ساڵە لە لووتکەی هەرەمی دەسەڵاتە لە تورکیا، هەموو رێگەیەکی بەکارهێناوە، لەوانە سەرکوت کردنی ناڕازییان لە دەرەوەی سنوورەکانی تورکیا، بۆ پاراستنی دەسەڵات.

ناوبراو جەختیشی کردەوە کە ئەردۆغان رووبەڕووی هەڵبژاردنێکی سەختە و ئەگەر ئەردۆغان دۆڕا، رەنگە لەگەڵ خێزانەکەی بچێتە زیندان. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ​​ناوبراو هەموو ئامرازەکان بۆ سەرکەوتن لە ئەم هەڵبژاردنە بەکاردەهێنێت.

ئەم گۆڤارە ئاماژەی بە ڕۆڵی ڕێکخراوی گورگانی خۆڵەمێشی کرد، کە گرووپی ناسیۆنالیستی توندڕەوی تورکیایە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئۆپۆزسیۆن، بە تایبەت توندوتیژی لەدژی کوردەکانی دەرەوەی سنوورەکانی ئەو وڵاتە، ئەم ڕێکخراوەی بە هۆکاری زۆر هێرش بۆ سەر کوردانی دانیشتووی ئەورووپا دەزانێت.

بەشێک لە چالاکوانانی کوردی دانیشتووی سوید، وەک ئیمەت کوردۆ پێیان وایە، دوای داواکاریی سوید و فینلاند بۆ پەیوەستبوون بە ناتۆ، گوشارەکان بۆ سەر کوردانی دانیشتووی وڵاتانی سکاندیناڤیا، بەتایبەتی سوید زیادی کردووە، چونکە تورکیا ڕێککەوتنی ئەم داواکارییەی گرێداوە بە ڕادەست کردنی کوردە ناڕازیەکان.

چالاکوانانێک وەکوو حەمزە یاڵچین، ڕۆژنامەنووسی کوردی تورکیا کە دانیشتووی سویدە هۆشداریی داوە کە بە هۆی ئەگەری هێرشی بەردەوامی کەسان و گرووپەکانی سەر بە حکوومەتی ئەردۆغان، پێویستە پەنابەرانی کورد ئاگایان لە خۆیان بێت چونکە بە وتەی ناوبراو، ئەو کەس و ڕێکخراوانە لە هەموو شوێنێک ئامادەن و لەوانەیە هێرش بکەنە سەر ناڕازیانی کورد.

بەگوێرەی ئەم گۆڤارە، حکوومەتی ئەردۆغان لە سویددا ڕێکخراو و گرووپی ئایینی و ناسیۆنالیستی هەیە کە دەتوانن ناڕازییان بکەنە ئامانج.

News Code 7096

Your Comment

You are replying to: .
captcha