یەکێتیی سوورە لەسەر مەرجەکانی بۆ بەشداری کردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- پەرلەمانتارێکی یەکێتی ڕایدەگەیەنێت، تائێستا حزبەکەی سوورە لەسەر مەرجەکانی بۆ بەشداری کردن لە هەڵبژاردن و دەبێت یاسای هەڵبژاردن و تۆماری دەنگدەران و لیستی کۆتاکان هەموار بکرێتەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بڕیار ڕەشید پەرلەمانتاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم و هەڵوێست و مەرجەکانی حزبەکەی بۆ بەشداری کردن لەو هەڵبژاردنە بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند مەرجەکانی یەکێتی باگراوەندێکی حزبییان نییە، بەڵکوو لە پێناو ئەوەیە کە ئەو دەنگانەی یاخود ئەو کورسییانەی بەدەستدێن ڕەنگدانەوەیەکی ڕاستەقینەیان هەبێت، چونکە تۆماری دەنگدەران و لیستی کۆتاکان کێشەی تێدایە.

ناوبراو جەختیشی لەوە کردەوەکە ئەگەر بمانەوێت پەرلەمانێکی کارامان هەبێت، دەبێت پێداچوونەوە بکرێت بە یاسای هەڵبژاردن.

لەبارەی مەرجەکانی حزبەکەیەوە زیادی کرد: یەکێتی تائێستا سوورە لەسەر مەرجەکانی و هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەهاتووە، ناکرێت بەهۆی ئەوەی کە ساختەکاریی لە پارێزگایەکدا کەمترە کورسییەکی کۆتای کەمبێت، ئێمە جەختمان لەوە کردووەتەوە، پێش هەڵبژاردن دەبێت بەهەموو شێوەیەک ناوی هاوڵاتییانی دەرەوەی هەرێم و کەسانی مردوو لە تۆماری دەنگدەران دەربکرێت، بۆ ئەوەی ساختەکاریی نەمێنێت.

لەبارەی وادەی هەڵبژاردنی هەرێمیشەوە وتی: پێشبینی دەکەین هەڵبژاردن بچێتە ساڵی ئایندە و ئەمساڵ ئەنجام نەدرێت، ئێمە وەک یەکێتی هەمیشە ئامادەین و داوادەکەین کە لە کاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت.

شایانی باسە ڕۆژی ٢٤ی شوباتی ٢٠٢٢ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان ڕۆژی ١ی تشرینی یەكەمی ٢٠٢٢ی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان دیاری كرد، بەڵام تا ئێستا هیچ ئامادەکارییەک بەدی ناکرێت بۆ ئەو پرۆسەیە.