کەمپی هۆل زیاتر لە ٧٠ هەزار کەسی تێدایە و بۆمبێکی تەوقیتکراوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- فەرماندەی دەزگای دژە تیرۆرى عێراق دوایین ئاماری پەلاماردانی شانە نووستووەکانی داعش لە عێراق دەخاتە ڕوو و ڕاشیدەگەیەنێت کەمپی هۆل لە کوردستانی سووریا بۆمبێکی تەوقیتکراوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، عەبدولوەهاب ساعدی فەرماندەی دەزگای دژە تیرۆرى عێراق لە دیدارى رافیدەین لە بەغدا دوایین ئاماری هەڵمەتەکانی دژەتیرۆری عێراق دەخاتە ڕوو و دەڵێت: "ئێمە لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا ٦٧٤ تیرۆریستمان دەستگیر کردووە و ٢٣٢ تیرۆریستمان کوشتووە، بە یارمەتی فڕۆکەوانی سوپا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ٧١٠ هێرشمان ئەنجام دا و زیاتر لە ٥٠٠ حەشارگەمان وێران کردووە.

فەرماندەی دەزگای دژە تیرۆرى عێراق راشیگەیاند، ئەمساڵ 70 تیرۆریستیان لە هەولێر و سلێمانی گرتووە کە پێناسی ساختەیان بۆ خۆیان کردووە.

ناوبراو زیاتر لەبارەی کەمپی هۆل لە کوردستانی سووریا کە بنەماڵەی چەکدارانی داعشی تێدا جێگیرن دەڵێت: کەمپی ئەلهۆل زیاتر لە ٧٠ هەزار کەسی تێدایە و بۆمبێکی تەوقیتکراوە.

فەرماندەی دەزگای دژە تیرۆرى عێراق باسى لەوەش کرد، ئێستا هاوکارییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان زۆر نایاب و ناوازەیە و ئۆپەراسیۆنی هاوبەشیان هەیە.

ساعدى جەختی کردەوە، دامەزراوەی ئەمنی دوورە لە رکابەریی سیاسی و ئەوان لەژێر فەرمانەکانى فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکاندان.

News Code 7105

Your Comment

You are replying to: .
captcha