سەرۆک وەزیرانی عێراق لەسەر بۆردوومانی ناوچەی سەوز و خۆپیشاندانەکان هاتە دەنگ
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆک وەزیرانی عێراق راگەیندراوێکی لەبارەی بۆردوومانەکەی ناوچەی سەوز و خۆپیشاندانەکانی بەغدا بڵاو کردەوەو

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نوسینگەی راگەیاندنی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رایگەیاندووە، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران و فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق هێزە ئەمنیەکانی بۆ لێکۆلێنەوە لەسەر ئەنجامدەری بۆردوومانە مووشەکییەکەی ناوچەی سەوز راسپاردووە تاوەکوو بە زووترین کات دەستگیر بکرێن.

ئاماژەی بەوەش داوە، پابەندی هێزە ئەمنییەکان بۆ جێبەجێ کردنی ئەرکەکانیان لە پاراستنی دامەزراوەکانی دەوڵەت مایەی گرنگی پێدانە و دەشڵێت: "داوا لە خۆپیشاندەران دەکەم پەیوەست بن بە هێمنی و ئارامی و ئەو رێنمایاننەی لە لایەن هێزە ئەمنیەکانەوە بۆیان ئاڕاستە کراوە."

سەرۆک وەزیران باسى لەوە کردووە، دۆخی ئەمنی ئێستا رۆڵی کاردانەوەی پێچەوانەی دۆخی سیاسی دەبینێت و داوا لە لایەنە سیاسیەکان دەکات لە پێناو چوونە دەرەوە لە قەیرانی سیاسی و پاراستنی ئاسایش و رەتکردنەوەی ئەو مەترسیانەی هەڕەشە لە سەلامەتی کۆمەڵگا دەکەن.

هەروەها سەرۆک وەزیرانى عێراق وتیشى: "گرنگیی بەردەوام بوونی هەماهەنگی لە نێوان لایەنە سیاسیەکان دووپات دەکەینەوە".