یەکێتیی ئەورووپا نیگەرانیی خۆی لە زیادبوونی گرژییەکان لە عێراق دەردەبڕێت
بەشی جیهان- یەکێتیی ئەورووپا نیگەرانیی خۆی لە زیادبوونی گرژییەکان لە عێراق دەردەبڕێت و دەڵێت، نابێت پڕۆسەی دیموکراسی لە عێراق لاواز بکرێت

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، پیتەر ستانۆ، گوتەبێژی یەکێتیی ئەورووپا بۆ کاروباری دەرەوە لە راگەیێندراوێکدا گوتی، یەکێتیی ئەورووپا "زۆر نیگەرانە" لە پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی ئەم دواییەی عێراق؛ گوتیشی کە تووندوتیژی "هەرگیز" چارەسەر نییە و نابێت رێگەی پێبدرێت دیموکراسی لاواز بکات.

پیتەر ستانۆ گوتیشی، یەکێتیی ئەورووپا داوا لە هەموو لایەک دەکات سەرکۆنەی تووندوتیژییەکان بکات و ئاماژەی بەوەش کرد، پێویستە هەمووان دان بەخۆیاندا بگرن و کار بۆ نەهێشتنی گرژییەکان بکەن.

یەكێتیی ئەورووپا داوا لە لایەنەکان دەکات بە "متمانەیەکی باشەوە" بەشداری لە دیالۆگی بەرهەمداردا بکەن و لە چوارچێوەی دەستووردا خواست و بەرژەوەندیی گەلی عێراق بخەنە پێش هەموو شتێکەوە.

یەكێتیی ئەوروپا دەڵێت، ئەوان پابەندبوونی خۆیان بۆ پاڵپشتی کردنی رێچکەی بەردەوامی عێراق بەرەو چاکسازی و سەقامگیری و سەروەرییەکەی دووپات دەکەنەوە.