پارتەکانی ئۆپۆزیسیۆنی تورکیا خۆیان بەشەرمەزار دەزانن لەسەریەک مێز لەگەڵ هەدەپە دابنیشن
بەشی تورکیا- وەزیری دادی تورکیا ئاشكرای كرد، دەنگەکانی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە هەڵبژاردنی داهاتووی ئەو وڵاتە بۆ سەرکەوتنی پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی تورکیا یەکلاکەرەوە دەبێت.

بەپێی هعواڵی کوردپرێس، بەکر بوزداغ وەزیری دادی تورکیا لەمیانی بەشداری کردنی لە ئاهەنگێک وتی: "هاوپەیمانی نەتەوە-ی پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی تورکیا ناتوانێت سەرکەوتن بەدەست بهێنێت بەبێ بوونی دەنگەکانی پارتی دیموکراتی گەلان".

ناوبراو جەختیشی کردەوە، ئەگەر بێت ‌و دەنگدەرانی هەدەپە دەنگ بە کاندیدی هاوپەیمانی نەتەوە نەدەن، ئەوە شکست دەهێنن.

لە بەشێکی تری قسەکانیدا بوزداغ ڕوویکرده‌ پارتی دیموکراتی گەلان ‌و وتی: "پارتەکانی هاوپەیمانی نەتەوە پێویستیان بە دەنگەکانی ئێوەیە، بەڵام خۆیان بەشەرمەزار دەزانن ئەگەر لەسەریەک مێز لەگەڵ ئێوە دابنیشن، تەنانەت ترسیان هەیە وێنەیەکیشتان لەگەڵدا بگرن".

ئەو وەزیرەی حکوومەتەکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ئه‌وه‌شى وت: "ئەو پارتانە لە کاتێکدا پێویستیان بە دەنگی ئێوەیە نایانەوێت لەسەریەک مێز لە گەڵتاندا دابینشن، کەواتە دوای دەنگدان ‌و ئەوکاتەی کاریان پێتان نامێنێت چۆن مامەڵەتان لەگەڵدا دەکەن؟".

هاوپەیمانی نەتەوە کە لە شەش پارتی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا پێکهاتووە، ڕێگەیان نەدا پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) بچێته‌ ناو ڕیزەکانیانەوە، بەوپێیەی ترسیان هەیە نەژادپەرستانی تورکیا وەک پاڵپشتیکەری تیرۆر تۆمەتباریان بکەن.