قەتەر کونسوڵخانە لە هەولێر دەکاتەوە
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- بڕیارە کونسوڵخانەی قەتەر لە ماوەیەکی نزیکدا لە هەولێر بکرێتەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە کۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرپەرشتی مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق چەندین پرسی جیاواز تاوتوێ کران کە یەکێک لەوانە پەسەند کردنی داوای کردنەوەی کونسوڵخانەی گشتیی قەتەر لە هەولێر بوو کە لەسەر داوای وەزارەتی دەرەوەی عێراق بوو.

ئەمە لە کاتێکدایە کە دوای سەردانەکەی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ قەتەر پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا بەرەپێشچووە، چاوەڕوان دەکرێت بە کردنەوەی کونسوڵخانەی گشتیی قەتەر لە هەرێمی کوردستان هەماهەنگییەکان نێوانیان فراوانتر بێت.

جێی باسە، 40 کونسوڵخانەی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان هەن، قەتەر دەبێتە حەوتەم وڵاتی عەرەبی کە کونسوڵخانە لە هەولێر بکاتەوە.

 

سەرچاوە: ناس کورد