جووڵانه‌وه‌ی هێز و لایەنە سیاسییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران له‌ هه‌رێمی كوردستان و عێراق  سنووردار ده‌كرێن
نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران بە دەنگی ئەمریکای وتووە پێشبینی ئەوە دەکەم کە لەنێوان سێ وڵاتی تورکیا، ئێران و سووریا لەسەر کەوڵی کورد ڕێکەوتنێک هاوشێوەی ڕێککەوتنی جەزائیر دەکرێتەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نازم دەباغ نوێنەری حکوومەتی هەرێم لە تاران لە  گفتوگۆیەکی تێرونەسەلدا لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمریکا لەبارەی ڕووداوەکانی ئەمدواییە دەڵێت: "کۆمیتەیەکی هاوبەش لە نێوان هەرێم و ئێراندا هەیە کە نوێنەری پارتی و یەکێتی و حکوومەتی هەرێم و بەرپرسانی سوپا و ئیتڵاعاتی ئێران ئەندامن تێیدا، ئه‌و كۆمیته‌ هاوبه‌شه‌ ده‌بێت هه‌میشه‌ چاودێری ئه‌و چالاكیانه‌ بكەن كه‌ له‌ناو هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ ڕووبه‌ڕووی كۆماری ئیسلامی ئێران ده‌بێته‌وه‌.

ناوبراو دەشڵێت: "ئه‌گه‌ر به‌رده‌وام هۆكار هه‌بێت بۆئه‌وه‌ی ئێران تۆپباران بكات، ئه‌وكاته‌ش حكوومه‌تی هه‌رێم ده‌بێت بیر له‌ بژارده‌ی تر بكاته‌وه‌، ئه‌و هێز و لایانانه‌ی كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان و عێراقدا هه‌ن چ ئۆپۆزیسیۆنی ئێران بن چ ئۆپۆزیسیۆنی توركیا بن یان هه‌ر وڵاتێكی تر پێموایه‌ جووڵانه‌وه‌كانیان سنووردار ده‌كرێن، پێشبینی دووبارە بوونەوەی ڕێککەوتنێک هاوشێوەی ئەوەی جەزائیر دەکەم لەسەر کەوڵی کورد، بەڵام ئەمجارە لە نێوان (عێراق و تورکیا و ئێران و سووریادا) دەبێت. "

دەنگی ئەمریکا: وه‌كوو نوێنه‌رایه‌تی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئێوه‌ چیتان كردووه‌ له‌سه‌ر ئه‌و بۆردوومانانه‌ی دوو هه‌فته‌ی ڕابردووی ئێران بۆ سه‌ر باره‌گاكانی حزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران کە چه‌ندین قوربانی لێكه‌وته‌وه‌؟

نازم دەباغ: "من سوپاسی ئێوه‌ ده‌كه‌م به‌ڕاستی به‌ڵێنم دابوو قسه‌ نه‌كه‌م، به‌ڵام بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی هه‌ندێک له‌و ڕاگه‌یاندكارانه‌ی كه‌ له‌خۆیانه‌وه‌ ده‌نگ و باس و هه‌واڵ داده‌تاشن گوایه‌ ئێران فشاری خستۆته‌سه‌ر من كه‌ قسه‌ نه‌كه‌م بۆیه‌ ئێستا قسه‌ده‌كه‌م چونكه‌ ئه‌و براده‌ره‌ی ئه‌م هه‌واڵه‌ی نوسیووه‌ ئه‌وكات من له‌ هه‌رێمی كوردستان نه‌بووم، به‌ڵام ئه‌و چه‌ند ڕۆژه‌ هاتوومه‌ته‌وه‌ تاران بۆیه‌ بۆ ڕوونكردنه‌وه‌ كه‌ من بڵێم، ئه‌و ئازادییه‌م هه‌بووه‌ و هه‌شمه‌ كه‌ بتوانم له‌ بیر و ڕاكانم و بیروبۆچوونه‌كانم و سیاسه‌تی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌م به‌رگری بكه‌م و هه‌م بیگه‌یه‌نم، ئێمه‌ وه‌كوو حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕاسته‌ نوێنه‌رایه‌تیمان هه‌یه‌ چه‌ندین جاریش باسمان كردووه‌، نوێنه‌رایه‌تی ئێمه‌ پێكهاته‌یه‌ له‌ نوێنه‌رایه‌تی حزبه‌كان، كۆماری ئیسلامی ئێران په‌یوه‌ندی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان و سۆسیالیست و بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی و یه‌كگرتووی ئیسلامی و كۆمه‌ڵی دادگه‌ری و هه‌موو ئه‌وانه‌ی تر خۆیان له‌ په‌یوه‌ندیدان، ئه‌م بابه‌تی تۆپبارانه‌ ئێمه‌ وه‌كوو نوێنه‌رایه‌تی حكوومه‌تی هه‌رێم هیچ جۆره‌ دەخاله‌تێكمان نه‌بووه،‌ بێجگه‌ له‌وه‌ی ئه‌گه‌ر كۆڕ و كۆبوونه‌وه‌یه‌ک كرابێت یان دانیشتنێكی تایبه‌تی كرابێت له‌وێ باسمان له‌وه‌ كردووه‌ كه‌ خه‌ڵكی سیڤیلی كوردستان هه‌میشه‌ زه‌ره‌رمه‌ند بووه‌ له‌م تۆپبارانه‌دا. "

نازم دەباغ ئەوەشی وت: "هه‌میشه‌ جه‌ختمان كردۆته‌وه‌ هه‌رێمی كوردستان ئه‌منیه‌ت و ئاسایشی خۆی هه‌یه‌ و به‌رژه‌وه‌ندیی خۆی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی ئێران، ناكرێت كۆمیته‌ی هاوبه‌ش و هاوكاری نه‌بێت له‌ بواری فه‌رهه‌نگی و له ‌بواری ئابووری و له‌بواری ئاسایشدا واته‌ پێویستی جوگرافیایی له‌ ناوچه‌كه‌ فه‌رزی ده‌كات به‌سه‌ر حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كه‌ ئه‌و كۆمیته‌ هاوبه‌شه‌ی هه‌بێت ئه‌و كۆمیته‌ش هی ئه‌مڕۆ نییه‌ له‌وه‌ته‌ی په‌یوه‌ندی كۆماری ئیسلامی ئێران و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌ ده‌توانم بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ په‌یوه‌ندییه‌كانی یه‌كێتی به‌ته‌نها و پارتی به‌ ته‌نها ئه‌و كۆمیته‌ هه‌بووه‌ ئه‌و كۆمیته‌ش له‌م دواییانه‌ چالاكتر بووه‌ له‌چاو جاراندا به‌پێی ئه‌م بارودۆخه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌بووه‌. "

نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەربارەی ئەو کۆمیتە هاوبەشەی نێوان هەرێمی کوردستانی عێراق و کۆماری ئیسلامی ئێران ڕوونیکردەوە: "كۆمیته‌كه‌ بریتیه ‌له‌ نوێنه‌رایه‌تی دام و ده‌زگای ئاسایش و ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان، هه‌روه‌ها نوێنه‌رایه‌تی هه‌موو به‌شه‌كانی ناو كۆماری ئیسلامی ئێران له‌وانه‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ و وه‌زاره‌تی ئیتڵاعات و له‌وانه‌ سوپا و قه‌رارگای قودس و قه‌رارگای هه‌مزه‌ و هه‌موو ئه‌وانه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌كان به‌شدار ده‌بن هه‌ریه‌كه‌ ڕاپۆرتی خۆی ده‌دات، هه‌روه‌ها له‌ هه‌رێمی كوردستانیش به‌تایبه‌تی هه‌م نوێنه‌ری پارتی دیموكراتی كوردستان و هه‌م نوێنه‌ری یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان له‌گه‌ڵ نوێنه‌رایه‌تی حكومه‌ت به‌شداریان هه‌یه‌ له‌و كۆمیته‌یه‌ باس له‌ بارودۆخی ناوچه‌كه‌ ده‌كه‌ن به‌تایبه‌تی له‌كاتێكدا كه‌ جموجۆڵێک له‌ناو ئێراندا په‌یدا ده‌بێت له‌ ڕاگه‌یاندنه‌كانی لایه‌نی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی له‌ هه‌رێمی كوردستان كه‌ باسی لێوه‌ ده‌كه‌ن ئه‌وانیش ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ سه‌رچاوه‌ی ئه‌و بنكانه‌ی كه‌تێیدا بڕیاری لێده‌دات واته‌ ڕاسته‌ له‌وانه‌یه‌ له‌هه‌ندێک شوێندا هه‌ندێک گروپ هێزی چه‌كداریان نه‌ناردبێته‌ ناو كۆماری ئیسلامی ئێرانه‌وه‌، به‌ڵام سه‌ركردایه‌تی سیاسیان له‌و شوێنه‌ی كه‌ بنكه‌ی سه‌ركردایه‌تی لێیه‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌ ڕێنمایی و ئامۆژگاری و بڕیاری لێده‌درێت بۆیه‌ كۆماری ئیسلامی ئێران هاتۆته‌ ئه‌و بڕوایه‌ ده‌ڵێت ئه‌و بنكانه‌ی كه‌ ئه‌وانی تێدایه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان بنكه‌ی ناردنی ئه‌و ده‌ستانه‌ن كه‌ له‌ناو كۆماری ئیسلامی ئێرانن. "

دەنگی ئەمریکا: ئه‌و كۆمیته‌یه‌ ئه‌ركیان چیه‌ له‌وكاته‌دا كه‌ جموجۆڵێک له‌ناو ئێراندا ده‌بێت؟

نازم دەباغ: " ئه‌و كۆمیته‌ هاوبه‌شه‌ ده‌بێت هه‌میشه‌ چاودێری ئه‌و چالاكیانه‌ بكات كه‌ له‌ناو هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ ڕووبه‌ڕووی كۆماری ئیسلامی ئێران ده‌بێته‌وه‌؛ ئه‌و كۆمیته‌یه‌ له‌و ڕۆژه‌ی په‌یوه‌ندی هه‌بووه‌ یه‌كێتی به‌ته‌نها و پارتی به‌ته‌نها، دواتر بۆته‌ په‌یوه‌ندی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێران، واته‌ له‌وه‌ته‌ی كه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌ ئه‌م كۆمیته‌ و ئه‌م هاوكارییه‌ هه‌یه‌، ئه‌م كۆمیته‌یه‌ سه‌ر به‌ حكومه‌تی هه‌رێمه،‌ به‌ڵام نوێنه‌رایه‌تی هه‌ردوو حزبی تێدایه‌. "

دەنگی ئەمریکا: كه‌واته‌ کۆمیتەکە چاودێری لایه‌نه‌ كوردییه‌كانی ئێران له‌ كوردستانی عێراقدا ده‌كه‌ن؟

نازم دەباغ: " ئه‌مه‌ تایبه‌ت نییه‌ ته‌نها بۆ لایه‌نێكی كوردی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی له‌ هه‌رێمی كوردستان ئه‌مه‌ له‌و چوارچێوه‌یه‌دا چاودێری جموجۆڵی ئه‌و هێز و لایه‌نانه‌ ده‌كات كه‌ له‌ناو هه‌رێمی كوردستان بۆ ئێران كێشه‌ی ئه‌منی و ئاسایشی بۆ په‌یدا ده‌كات، هه‌روه‌ها چاودێری ئه‌و چالاكیانه‌ی ئێرانیش ده‌كات بۆ ناو هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ هه‌تا ئێستا زیاتر ئه‌وه‌ی كه‌ ئێمه‌ بینیومانه‌ له‌و بابه‌تانه‌ ئه‌و چه‌ند ڕۆژه‌ی ڕابردوو بووه‌ كه‌ ڕوویداوه‌ كۆمیته‌ش به‌دواداچوونی خۆی بۆ كردووه‌ ئێمه‌ش لێره‌ خۆمان هه‌وڵمانداوه‌، چونكه‌ له‌ ئه‌ركی خۆماندا ده‌بینین چ حكومه‌ت پێمان بڵێت و چ حكومه‌ت پێمان نه‌ڵێت له‌ لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار پرسیار ده‌كه‌ین و به‌دواداچوون ده‌كه‌ین هه‌میشه‌ داوای ئه‌وه‌ش ده‌كه‌ین هه‌ردوولا پابه‌ند بین به‌ جێبه‌جێكردنی ئه‌و ڕێككه‌وتنانه‌ی كه‌ له‌ ئه‌نجامی كۆبوونه‌وه‌كانی ئه‌منی له‌نێوان هه‌رێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێران هه‌روه‌ها له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌شدا حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان چ به‌ حزووری چ به‌ په‌یام له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی له‌ هه‌رێمی كوردستان ئه‌م په‌یامانه‌ی گه‌یاندووه‌ واته‌ كارێک نه‌كراوه‌ له‌ كۆمیته‌ كه‌ ئه‌نجامه‌كه‌ی نه‌گه‌یانرابێت. "

نوێنەری حکوومەتی هەرێم لە تاران زیاتر وتی: "به‌داخه‌وه‌ دوێنێ گوێی بیست بووین له‌هه‌ندێک كه‌س و لایه‌نی ئۆپۆزیسیۆن له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌ڵێن "ئێمه‌ ئه‌گه‌ر به‌شدار نه‌بین له‌م ڕێككه‌وتنانه‌ پابه‌ند نابین" ئایا بارودۆخی ئێستا وایه‌ كه‌ ئه‌وان بێنم له‌و كۆمیته‌ دابنێم؟ ئه‌گه‌ر له‌و كۆمیته‌یه‌ دایان بنێم مانای ئه‌وه‌یه‌ ده‌بێت ڕێككه‌وتن هه‌بێت له‌نێوان كۆماری ئیسلامی ئێران و ئه‌و لایه‌نه‌ سیاسیانه‌ ئه‌م قسه‌یه‌ هاندانی جارێكی تری كۆماری ئیسلامی ئێرانه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ڕژتر بێت، بۆیه‌ من پێموایه‌ ده‌بێت وریا بین له‌وه‌ی لایه‌نێک یان كه‌سانێک له‌ناو لایه‌نێكدا هۆكار نه‌بێت بۆ قۆستنه‌وه‌ی ئه‌م بارودۆخه‌ كه‌ ئاڵۆزتر بێت. "

دەنگی ئەمریکا: ئایا داواكارییه‌ک هه‌یه‌ له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ بۆ ده‌ركردنی حزبه‌ كوردییه‌كانی ئێران له‌ هه‌رێمی كوردستان؟

نازم دەباغ: "به‌ڵێ كاتی خۆی ئه‌م داواكارییه‌ هه‌بووه‌ هه‌روه‌ک له‌گه‌ڵ (موجاهیدینی خەلق) كردیان به‌ ده‌ركردنیاندان، به‌ڵام حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئێستا نه‌چۆته‌ ژێرباری ئه‌وه‌ی ئه‌م لایه‌نانه‌ ده‌ربكرێن له‌ هه‌رێمی كوردستان ته‌نانه‌ت هه‌میشه‌ جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كردۆته‌وه‌ نوێنه‌رایه‌تی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ كۆماری ئیسلامی ئێران له‌چوارچێوه‌ی پاراستنی مافی مرۆڤ، وه‌ ئه‌و مافانه‌ی كه‌ په‌ناهه‌نده‌ له‌ وڵاتێكدا هه‌یه‌تی به‌تایبه‌تیش هه‌رێمی كوردستان به‌ وڵاتی غه‌ریبه‌ دانه‌نراوه‌ بۆ ئه‌وان، به‌ڵام ده‌بێت پابه‌ندبوون هه‌بێت ئایا هه‌ندێک له‌و لایه‌نه‌ سیاسیانه‌ قبوڵیانه‌ لایه‌نێكی سیاسی بێت له‌سنوری جوگرافی ئه‌وان چالاكی بكات و ئه‌وان ڕه‌زامه‌ند نه‌بن! به‌هیچ شێوه‌یه‌ک ناكرێت ئه‌وه‌ ڕووبدات بۆیه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌تا پێی بكرێت دژی ئه‌و هه‌نگاوانه‌ وه‌ستاوه‌ كه‌ ده‌ربكرێن له‌ وڵاتدا به‌ڵام هه‌میشه‌ پشتیوان بووه‌ له‌ چه‌سپاندنی ئه‌من و ئاسایش، وه‌ پابه‌ندبوون به‌و ڕێنماییانه‌ و به‌و ڕێسا و یاسایانه‌ی كه‌ ده‌بێت هه‌موو لایه‌ک پابه‌ند بین بۆئه‌وه‌ی زیان به‌ یه‌كتری نه‌گه‌یه‌نین و زیان به‌ ئه‌من و ئاسایشی وڵاتانی داروسێمان نه‌گه‌یه‌نین واته‌ هه‌م بۆ ئێرانه‌ هه‌م بۆ توركیایه‌ و هه‌م سوریا و هه‌م بۆ لایه‌نی عێراقه‌. "

دەنگی ئەمریکا: هیچ بڕیارێک هه‌یه‌ پێشتر و ئێستا حزبه‌ كوردییه‌كانی ئێران به‌ فه‌رمی ئاگادار كراونه‌ته‌وه‌ كه‌ باره‌گاكانیان چۆڵ بكرێن؟

نازم دەباغ: "هه‌تا ئێستا به‌فه‌رمی شتێكی وام نه‌بیستووه،‌ به‌ڵام ئه‌و ڕووداوانه‌ی كه‌ ڕووده‌ده‌ن، ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ڕابردوو هه‌میشه‌ ئه‌و په‌یامه‌ هه‌بووه‌، ئه‌گه‌ر به‌رده‌وام هۆكار هه‌بێت بۆئه‌وه‌ی ئێران تۆپباران بكات، ئه‌وكاته‌ش حكوومه‌تی هه‌رێم ده‌بێت بیر له‌ بژارده‌ی تر بكاته‌وه‌. "

دەنگی ئەمریکا: ئه‌گه‌ر لایەنە کوردییە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران باره‌گاكانیان لە هەرێم چۆڵ نه‌كه‌ن ئێران چیتر ده‌كات ئایا ئێران هیچ هۆشداریه‌كی داوه‌ به‌ ئێوه‌؟

نازم دەباغ: " ئەمجارە جدییەتی زیاتر لە كۆماری ئیسلامی ئێران ده‌بینم به‌تایبه‌تی له‌ مه‌رزه‌كان په‌لاماری لایه‌نه‌ ئۆپۆزیسیۆنه‌كان بدات ئه‌گه‌ر هه‌بن".

دەنگی ئەمریکا: پێشبینی ده‌كه‌یت هه‌مان سیناریۆی موجاهیدینی خەلق به‌سه‌ر حزبه‌ كوردییه‌ ئێرانییه‌كانی كوردستانی عێراق دووباره‌ ببێته‌وه‌؟

نازم دەباغ: "من پێشبینی ئه‌وه‌ ده‌كه‌م به‌دبه‌ختی میلله‌تی كورد له‌م جوگرافیا سیاسی و سه‌ربازیه‌دایه‌ كه‌ هه‌یه‌تی به‌دووری نابینم له‌ ئاینده‌ی دوور یان نزیک ئاشته‌وایی ناوچه‌یی له‌ نێوان عێراق و توركیا و سووریا و ئێران هه‌روه‌ها به‌ هاوكاری و پشتیوانی ئه‌و وڵاتانه‌ی كه‌ له‌ عێراق به‌رژه‌وه‌ندیان هه‌یه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و سیسته‌مه‌ن له‌سه‌ر كه‌وڵی كورد ته‌واو ببێت، هەروەک چۆن پێشتر ڕێككه‌وتنی جه‌زائیر كه‌ كاتی خۆی له‌نێوان شای ئێران و سه‌دامدا بوو، بەڵام ئه‌مجاره‌ له‌نێوان هه‌موویاندا ده‌بێت".

دەنگی ئەمریکا: ئایا ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ی جه‌زائیر ئه‌گه‌ر دوباره‌ بێته‌وه‌ ده‌بێته‌هۆی كۆتایی هێنان به‌ ئه‌زموونی هه‌رێمی كوردستانی عێراق و ده‌ركردنی لایه‌نه‌ كوردییه‌كانی ئێران له‌ هه‌رێمی كوردستانی عێراق هاوشێوه‌ی (موجاهیدینی خه‌لق) كه‌ چییان لێ به‌سه‌رهات؟

نازم دەباغ: "ده‌رباره‌ی ڕێككه‌وتنی (الجزائیر) یان شێوه‌ی ئه‌و، به‌ بڕوای من ناكرێت له‌پێش ڕووداو شته‌كان به‌ دڵنیاییه‌وه‌ باس بكه‌ین، به‌ڵام من بۆچوون و لێكدانه‌وه‌ی خۆم له‌گه‌ڵ ئه‌زموونه‌كانی ڕابردوو و ئێستا وای ده‌بینیم جیاوازییه‌كی ده‌بێت چونكه‌ كورد ئێستا له‌ ناوچه‌كه‌ واته‌ له‌ هه‌موو پارچه‌كان له‌هه‌ر لایه‌كه‌وه‌ دۆست و پشتیوانی خۆی هه‌یه،‌ به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌ به ‌دیده‌كه‌م ناتوانن ئه‌و دۆستانه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی ده‌ستوری هه‌میشه‌یی وڵاته‌كه‌ و له‌ده‌ره‌وه‌ی جوگرافیای وڵاته‌كه‌ شتێک بكه‌ن كه‌ ببێته‌ هۆكار بۆ نیگه‌رانی هه‌موولایه‌ک واته‌ كورد ده‌بێت پابه‌ندی ته‌واو بێت به‌ده‌ستوری هه‌میشه‌یی به‌تایبه‌تی عێراقیش هه‌روه‌ها پابه‌ندی یه‌ک سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ بێت و دارایی ناوه‌ندی و هه‌روه‌ها سه‌ربازیی و ئه‌منی ئه‌مانه‌ ده‌بنه‌ فاكته‌رێكی سه‌ره‌كی بۆئه‌وه‌ی له‌ده‌سه‌ڵاته‌كانی كورد كه‌م بكرێته‌وه‌. "

دەنگی ئەمریکا: ئایا كۆماری ئیسلامیی ئێران به‌نیازه‌ له‌ڕێگه‌ی زه‌مینیه‌وه‌ هێرش بكاته‌ سه‌ر ئه‌و كه‌مپانه‌، و چاره‌نووسی ئه‌و كه‌مپانه‌ چیان لێ به‌سه‌ردێت ئایا ته‌نانه‌ت خێزانی ناو كه‌مپه‌كانیش ده‌بێت كه‌مپه‌كه‌ چۆڵبكه‌ن؟

نازم دەباغ: " ئه‌و هێز و لایانانه‌ی كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان و عێراقدا هه‌ن چ ئۆپۆزیسیۆنی ئێران بن چ ئۆپۆزیسیۆنی توركیا بن یان هه‌ر وڵاتێكی تر پێموایه‌ جووڵانه‌وه‌كانیان سنووردار ده‌كرێن له‌چوارچێوه‌ی مافی مرۆڤ و له‌چوارچێوه‌ی مافی په‌ناهه‌نده‌یی له‌ عێراقدا له‌وه‌ زیاتریان بۆ نه‌كرێت هه‌روه‌كوو له‌كاتی خۆی خراپتر هات به‌سه‌ر كوردا له‌ ئێران په‌رت و بڵاویشیان كردن نه‌ک هه‌ر چالاكیان سنووردار كرا".

دەنگی ئەمریکا: ئێوه‌ وه‌كوو نوێنه‌رایه‌تی حكوومه‌ت چیتان كردووه‌ ئایا ئێران هیچ په‌یامێكی به‌ ئێوه‌دا ناردووه‌ به‌تایبه‌تی له‌دوای ئه‌وه‌ی ئه‌م زیانه‌ گه‌ورانه‌ به‌ر هه‌رێمی كوردستان كه‌وت وه‌كوو حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌فه‌رمی؟

نازم دەباغ: "چه‌ندین جار دووباره‌مان كردۆته‌وه‌ ئێمه‌ وه‌كوو نوێنه‌رایه‌تی حكوومه‌ت كاره‌كانمان سنوورداره‌ ئه‌و شاندانه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ ده‌چن له‌ڕێگه‌ی كونسوڵی ئێران له‌ سلێمانی یان له‌ هه‌ولێر یان باڵوێزی ئێران زۆرینه‌ی ئه‌و په‌یامانه‌ گه‌یه‌نراون ئێمه‌ش وه‌كوو نوێنه‌رایه‌تی له‌ بۆنه‌كان و له‌ دانیشتنه‌ تایبه‌تیه‌كان ئه‌گه‌ر ڕێككه‌وت به‌دڵنیاییه‌وه‌ باسمان له‌وه‌ كردووه‌ و هه‌میشه‌ هه‌وڵیشمان داوه‌ كه‌ تۆپباران ڕابوه‌ستێت له‌سه‌ر ڕاسپارده‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان. "

دەنگی ئەمریکا: به‌رپرسانی ئێران ڕایانگه‌یاندووه‌ كه‌ ئه‌م هێرشانه‌ به‌ ئاگاداری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بووه‌ و پێشتر ئاگاداریان كردوونه‌ته‌وه‌ ئایا هه‌تا چه‌ند ئه‌مه‌ دروسته‌ ئایا چۆن ئێران هه‌رێمی كوردستانی پێشوه‌خته‌ له‌و هێرشانه‌ ئاگادار كردۆته‌وه‌؟

نازم دەباغ: "بابه‌تی ئاگاداركردنه‌وه‌ی لایه‌نه‌ ئێرانیه‌كان واته‌ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی له‌ هه‌رێمی كوردستان ڕاگه‌یاندنه‌كانی ئێران چه‌ند ڕۆژ پێش ئه‌م ڕووداو و بۆردومانانه‌ ئاگاداریان كردنه‌وه‌ وتیان داواكارین له‌ هاوڵاتیان و خه‌ڵكی سیڤیل له‌و شوێنانه‌ نه‌مێنن كه‌ باره‌گای ئه‌و هێزه‌ چه‌كدار و لایه‌نه‌ سیاسیانه‌ی لێیه‌ ئه‌مه‌ش به‌نیشانه‌ی ئه‌وه‌ی براده‌رانی (كۆمه‌ڵه‌) گوێڕایه‌ڵ بوون بینرا كه‌ زه‌ره‌رو زیانیان كه‌م بوو له‌چاو ئه‌و لایه‌نانه‌ی كه‌ گرنگیان پێنه‌دان و له‌شوێنی خۆیان مانه‌وه‌ . "

دەنگی ئەمریکا: سەرەتای ئەم هەفتەیە بەشێک لە پەرلەمانتارانی عێراق داوایان کرد، پەرلەمانی عێراق بڕیار دەربکات بۆ پابەندکردنی ئێران و تورکیا بە قەرەبووکردنەوەی ئەو ناوچانەی زیانیان پێگەیشتووە بە هۆی تۆپبارانەکانیانەوە. لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا ئێران ده‌كه‌وێته‌ ژێر كاریگه‌ری بڕیاری په‌رله‌مانی عێراق بۆئه‌وه‌ی قه‌ره‌بووی ئه‌و زیانانه‌ بكاته‌وه‌ كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان دراوه‌ به‌تایبه‌تی بابه‌تی قوتابخانه‌ یان شوێنی نیشته‌جێبووه‌كان؟

نازم دەباغ: "بابه‌تی چوونه‌ ژێرباری ئه‌و بڕیاره‌ی كه‌په‌رله‌مانی عێراق داویه‌تی بۆ قه‌ره‌بوو كردنه‌وه‌ من هه‌میشه‌ سه‌یرم به‌مجۆره‌ بڕیارانه‌ دێت، چونكه‌ له‌ پرۆسه‌ی سیاسی ئه‌م زه‌مانی ئێستا له‌نێوان عێراق و ئێران و توركیا هه‌میشه‌ كێشه‌كان و ڕووداوه‌كان سپێردراون به‌ لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ و بڕیاردان بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی ئه‌وانه‌ی زیانیان لێكه‌وتووه‌ با بزانین به‌درێژایی مێژوو كام زیان له‌ هه‌رێمی كوردستان قه‌ره‌بوو كراوه‌ته‌وه‌! یان كام زیان له‌ ڕووداوه‌كاندا قه‌ره‌بوو كراوه‌ته‌وه‌ پێموایه‌ ئه‌مه‌ش هه‌روه‌كو بڕیاره‌كانی پێشوو ده‌بێت . "

به‌رپرسانی ئێران له‌دوایین هۆشداریاندا ئاماژه‌یان به‌وه‌ كرد و سه‌رچاوه‌ لۆكاڵیه‌كانیش باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ئێران هێزێكی زۆری زه‌مینی له‌ سنوره‌كانی عێراق و هه‌رێمی كوردستان كۆكردۆته‌وه‌ ئایا هیچ نیازێكی له‌و جۆره‌ هه‌یه‌ كه‌ ئێران هێرش بكاته‌ سه‌ر حزبه‌ كوردییه‌كانی ئێران كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستاندا نیشته‌جێن له‌ڕێگه‌ی زه‌مینیه‌وه‌؟

لە وەڵامدا نازم دەباغ وتی" جوڵانی هێزی سه‌ربازیی هه‌روه‌ها په‌لاماردانی هێزه‌ ئۆپۆزیسیۆنه‌كانی ئێرانی من پێموایه‌ له‌چوارچێوه‌یه‌كی دیاریكراو به‌لێكدانه‌وه‌ و بۆچوونی من دوباره‌ كردنه‌وه‌ ده‌بێت وه‌كو ساڵانی پێشوو بۆ شوێنه‌ مه‌رزییه‌كان، به‌ڵام به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌گه‌ر چالاكی بكرێت دژی كۆماری ئیسلامی ئێران و به‌شێوازێكی تر وه‌ڵامی په‌لاماره‌كان بدرێته‌وه‌ ئه‌وكاته‌ بۆی هه‌یه‌ فراوانتر بێت. "