سەرۆک کۆماری نوێی عێراق هەڵبژێردرا
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- بەدەنگی 162 ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەتیف ڕەشید بووە سەرۆك کۆماری نوێی عێراق.

 بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لەتیف ڕەشید لەدایکبووی 10ی ئابی ساڵی 1944ە لە پارێزگای سلێمانی، ناوی تەواوی عەبدولـلەتیف جەمال رەشیدە و هاوسەری شاناز ئیبراهیم ئەحمەدە.
لەتیف رەشید لەساڵی 1968 بەکالۆریۆس لە زانکۆی لیڤەرپوڵ لە ئەندازیاری مەدەنیدا بەدەستدەهێنێت و دواتر لە ساڵی 1972 ماستەر و لە 1976 دکتۆراش بەدەستدەهێنێت لەهەمان بواردا.
سیاسییەکی دیاری شەستەکانی سەدەی رابردوو بووە، ئەو کاتە ئەندامێکی کارای پارتی دیموکراتی کوردستان بووە و سەرۆکایەتی کۆمەڵەی قوتابیانی کوردستانی کردووە لە ئەوروپا، دەورێکی کارای هەبووە لە دامەزراندنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و دوای دامەزراندنی بووەتە نوێنەری ئەو حزبە لە بەریتانیا.
لەساڵی 1992 بووەتە ئەندامی ئەنجومەنی جێبەجێکاری نیشتیمانی عێراق تا رووخانی رژێمی بەعس لە 2003 و هاوکات ئەندامێکی باڵای ئەو ئەنجوومەنە
لەدوای حکوومەتی بەعس و پێکهێنانی حکوومەتی نوێ بووەتە وەزیری سەرچاوە ئاوییەکان تا ساڵی 2010، دواتر بووەتە ئەمینداری گشتی رێکخراوی فاو لە عێراق.