پێوەندییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی تووشی گرژییەکی کەم وێنە بووە
بەشی جیهان- شرۆڤەکارێکی پرسی کورد ئاماژە دەدات بەوەی کە یەکێتیی نیشتمانی و پارتی دیموکراتی کوردستان نەیانتوانی لەسەر کاندیدێکی هاوبەشی سەرۆک کۆمار ڕێککەون و هۆشداری دەدات پێوەندییەکانی نێوان ئەم دوو حزبە لە کەمترین ئاستی خۆیدایە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، زەمان عەلی سەلیم، شرۆڤەکاری پرسی کورد بە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزی راگەیاندووە، پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو حزبی دەسەڵاتداری هەرێمی کوردستان لە نزمترین ئاستدایە.

جەختیشی کردۆتەوە کە رێکنەکەوتنی نێوان هەردوولا لەسەر هەڵبژاردنی کاندیدی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق قووڵ بوونی ناکۆکییەکانی نێوان هەردوولا دەردەخات.

بەڵام ئەم شرۆڤەکارە جەختی لەوە کردووەتەوە کە ناکۆکی نێوان ئەم دوو لایەنە ناگاتە ئاستی شکاندنی پەیوەندییەکە و دواجار دۆخەکە ئارام دەبێتەوە.

ناوبراو سەبارەت بە عەبدوللەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری هەڵبژێردراوی عێراق لە پەرلەمانی ئەم وڵاتە رایگەیاند، کە ئەو ئەندامی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە و هاوژینەکەشی یەکێکە لە کەسە دەسەڵاتدارەکانی ئەو حزبە.