وتەبێژی فراکسیۆنی پارتی: لەکۆی 4 وەزارەتی پشکی کورد سیانیان بۆ پارتی دەبێت
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- وتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، پۆستی سەرۆک کۆمار پشکی یەکێتییە و لەکۆی 4 وەزارەتی پشکی کوردیش سیانیان بۆ پارتی دەبێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڤیان دەخیل بە میدیای پارتی دیموکراتی کوردستانی وتووە، وەک ئەوەی هەموو لایەک لەسەری کۆکین، هەر لایەنێک پۆستی سەرۆک کۆماری بەرکەوێت لایەنەکەی دیکە پشکی شێری وەزارەتەکانی بەردەکەوێت، لەسەر ئەو بنەمایەش کە پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق بۆ یەکێتی بووە پارتی لە کۆی 4 وەزارەت 3 وەزارەتی بەردەکەوێت.

ناوبراو روونیشی کردووەتەوە، بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار سەرۆکی پارتی بەباشی زانی ماڵی کورد یەک هێز بێت لەوەی بە دوو کاندید بچینە پەرلەمان، هەر بۆیە دەنگیان بە "لەتیف رەشید"دا کە هەمووشمان دەزانین لە یەکێتییە و لێدوانی ئەوانیش دیار بوو کە ئەوە کاندیدی ئەوانە و دەرچووە.

هەرچی سەبارەت بە وەزارەتەکان وتەبێژی فراکسیۆنی پارتی باسی لەوە کردووە، پارتی 3 کاندیدی دەبێت بۆ 3 وەزارەت، پێنج وەزارەتی سیادی هەن کە وەزارەتی ناوخۆ و بەرگری و نەوت سوننە و شیعە دەیبەن، دوو وەزارەت دەمێننەوە دەرەوە و دارایی.

ناوبراو زیارت وتی: "دەزانن سوودانی رایگەیاندووە 3 وەزارەتی دەوێت کە دارایی و کارەبا و تەندرووستین و کاندیدی خۆی تێیاندا دادەنێت، واتە لە سیادییەکان تەنیا دەرەوە ماوە و پشکی پارتییە".