داعش لە عێراق ئه‌وه‌نده‌ بۆمبی چاندووه‌ ره‌نگه‌ تا 50 ساڵی دیكه‌ش بته‌قێته‌وه‌
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتی له‌باره‌ی ته‌قینه‌وه‌ی بۆمب به‌ ئۆتۆمبێلی هێزه‌كانی كۆماندۆ رایگه‌یاند، داعش ئه‌وه‌نده‌ بۆمبی چاندوه‌ ره‌نگه‌ تا 50 ساڵی دیكه‌ش بته‌قێته‌وه‌.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەحموود سەنگاوی ئه‌مڕۆ هه‌ینی له‌ لێدوانێكدا بۆ رۆژنامه‌نووسان له‌باره‌ی چالاكییه‌كانی داعش و ده‌ركردنی هێزه‌ كوردییه‌كان له‌ خانه‌قین، رایگه‌یاند: "داعش جموجووڵی ئه‌وتۆی نییه‌ و ئه‌وه‌ وانیه‌، هه‌ندێك خه‌ڵك هه‌وڵده‌دات گه‌وره‌ی بكات، بۆ نمونه‌ ئه‌وانه‌ی خانه‌قین، ئه‌و هه‌رایه‌ی دروستیان كرد هیچ نه‌بوو، كابرایه‌ك هاتووه‌ راپۆرتێكی نووسیوه‌ هه‌مووی درۆبوو، ئه‌ڵێ ئه‌وه‌نده‌ پێشمه‌رگه‌ و ئه‌وه‌نده‌ ئاسایش له‌ناو خانه‌قیندایه‌ و ئه‌وه‌نده‌ پۆلیسی هه‌رێمی كوردستانی لێیه‌، خانه‌قین هێزێكی گه‌وره‌ی سه‌ربازی یه‌كێتی لێیه‌، به‌ڵام كه‌ هاتن به‌ڵێ 60 پێشمه‌رگه‌ی لێیه‌ كه‌ باره‌گای خۆمانه‌ و 80 پۆلیسی هه‌رێمی كوردستانی لێیه‌ كه‌ له‌سه‌ره‌تاوه‌ پاسه‌وانی داموده‌زگاكان بوون".
مەحموود سەنگاوی وتیشی، "لیژنه‌یه‌ك هات له‌ به‌غداوه‌ به‌ڵام كاتێك زانیان راپۆرته‌كه‌ درۆ بووه‌، داوای لێبووردنیان كرد و رۆیشتن و ئه‌و هێزانه‌ی ئێمه‌ له‌ شوێنی خۆیانن و هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌ چوارده‌وری خانه‌قینه‌ و حكوومه‌تی عێراقیش هیچ نیگه‌رانییه‌كی ده‌رنه‌بڕیوه‌ له‌وه‌ و داواش كراوه‌ ئه‌گه‌ر كێشه‌یه‌ك هه‌بوو بێت له‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ چاره‌سه‌ر بكرێت".

له‌باره‌ی ته‌قینه‌وه‌ی بۆمب به‌ هێزه‌كانی كۆماندۆدا، مەحموود سەنگاوی ده‌ڵێت، "داعش ئه‌وه‌نده‌ بۆمبی چاندوه‌ ره‌نگه‌ تا 50 ساڵی دیكه‌ش بته‌قێته‌وه‌، ئه‌م بۆمبانه‌ كۆنن و دانراون و له‌ ئه‌نجامی رۆیشتن و پێلێدان به‌و هێزه‌دا ته‌قیوه‌ته‌وه‌ و به‌داخه‌وه‌، ئاكام عومه‌ر، فه‌رمانده‌ی كۆماندۆ بریندار بووه‌
.