دادگای پێداچوونەوەی هەولێر بافڵ تاڵەبانی، قوباد تاڵەبانی و ئەژی ئەمین بە تۆمەتبار ناو دەبات
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- دادگای پێداچوونەوەی هەرێم داواى په‌ڕاوى لێكۆڵینه‌وه‌ى بافڵ تاڵەبانی‌ و قوباد تاڵەبانی‌ و ئه‌ژى ئه‌مین‌ و چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كى دیكه‌ى یه‌كێتى ده‌كات‌ و به‌تۆمه‌تبار ناویان ده‌بات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس،  لە نووسراوێكدا كه‌ ڕۆژى 10ى ئه‌م مانگه‌ ده‌رچووه‌ و ئاراسته‌ى دادگاى لێكۆڵینه‌وه‌ى ڕانیه‌ كراوه‌، محه‌مه‌د مسته‌فا سه‌رۆكى دادگای پێداچوونەوەی هەرێم كوڕانى تاڵه‌بانى‌ و ئه‌ژى ئه‌مین‌ و وه‌هاب هه‌ڵه‌بجه‌یى‌ و چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كى دیكه‌ى یه‌كێتى به‌تۆمه‌تبار ناو بردووه‌.
له‌و نووسراوه‌دا هاتووه‌، "داواده‌كه‌ین گشت په‌ڕاوى لێكۆڵینه‌وه‌ى تایبه‌ت به‌تۆمه‌تباران (بافڵ جه‌لال حسامه‌دین تاڵه‌بانى، قوباد جه‌لال حسامه‌دین تاڵه‌بانى، سه‌لمان مه‌لا ئه‌مین ناسراو به‌ مامۆستا ئه‌ژى، وه‌هاب مه‌جید ناسراو به‌وه‌هاب هه‌ڵه‌بجه‌یی، شێخ ئه‌حمه‌دى نۆكان‌ و هاوڕێ دارۆ نوورى)مان بۆ بنێرن كه‌ له‌ بنكه‌ى پۆلیسى ڕانیه‌یه‌ بۆ كارى پێویست".
به‌گوێره‌ى ئه‌و نووسراوه‌ى سەرۆكی دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی كوردستان، ئه‌و په‌ڕاوى لێكۆڵینەوەیه‌ى ئێستا له‌ بنكه‌ى پۆلیسى ڕانیه‌یه‌ ده‌گوازرێته‌وه‌ بۆ هه‌ولێر.
ئه‌گه‌رچى نووسراوه‌كه‌ ئاماژه‌ى به‌ورده‌كاریی په‌ڕاوى لێكۆڵینه‌وه‌كه‌ نه‌كردووه‌، به‌ڵام پێشبینی ده‌كرێت، په‌یوه‌ندیی به‌كه‌یسه‌كه‌ى موراد كانى كورده‌ییه‌وه‌ هه‌بێت.
ئێوارەی ڕۆژى 26ى 11ى 2021 عەمید (موراد عەبدولڕەحمان عەوڵا) ناسراو بە (موراد کانی کوردەیی)و دوو لە پاسەوانەکانی بەناوەکانی (خۆشناو وەیسی‌ و هاوکار نازم) له‌شارى ڕانیه‌ كوژران‌ و هه‌ر ئه‌و شه‌وه‌ش پاسەوانێکی بەناوی (سەرکار فاخیر) بریندارکراو یەکێک لە هاوڕێکانیشی بەناوی (فرسەت قادر ئەحمەد) ڕفێندرا.
دواى ئه‌و ڕووداوه‌، خانەوادە و بنه‌ماڵه‌ى عەمید موراد کانی کوردەیی په‌نجه‌ى تۆمه‌تیان بۆ ده‌زگا ئه‌منیه‌كانى یه‌كێتى ڕاكێشاو داواى لێكۆڵینه‌وه‌ى چڕیان له‌و ڕووداوه‌ كرد له‌لایه‌ن دادگاوه‌.