ڕۆڵی تورکیا لە کاول کردنی ژینگەی عێراق و سووریا

بەشی جیهان- بەگوێرەی ڕاپۆرتی ژمارەیەک میدیا لەوان ئەلمۆنیتۆر، ڕێکخراوی پاکسی هۆڵەندا و ئاسیۆم تەک؛ تورکیا دەورێکی بەرچاوی هەیە لە وێران کردنی ژینگەی ناوچە کوردنشینەکانی سووریا و عێراقدا.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، گۆڤاری ئاسیۆم تەک لە ڕاپۆرتێکدا هۆشداری داوە کە تورکیا هێشتا خەریکی دروست کردنی بەنداوە، سەرچاوەی ئاوی پشت بەنداوەکانیش دوو ڕووباری دیجلە و فوراتن. هاوکات ئەم دوو ڕووبارە ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە دابین کردنی ئاوی خواردنەوە و کشتوکاڵ لە عێراق و سووریا.

دەستەی سەرنووسەری ئەم گۆڤارە ئاماژە دەدەن بەوەی کە بەشێکی زۆری ناوچە کوردنشینەکانی عێراق و سووریا لە نزیک سنوورەکانی ئەم دوو وڵاتە لەگەڵ تورکیا ژیانیان بە کشتوکاڵ و جووتیارییەوە بەندە و دابەزینی بەرچاوی ئاستی ئاوی ئەم دوو ڕووبارە کاریگەریی ڕاستەخۆی لەسەر ژیانیان هەیە بە تایبەت کوردەکانی سووریا.

هەروەها خورشید دەلی، لێکۆڵەری پرسەکانی تورکیا، هۆشداری داوە لە خراپتربوونی وشکەساڵی و کەم بوونی ئاو لە عێراق و سووریا بەهۆی سیاسەتەکانی تورکیا و بە ئەلعەرەبیی ڕاگەیاندووە: هەرچەندە لە پێشتریشدا تورکیا هەنگاوی ناوە بۆ کەم کردنەوەی ئاستی ئەو ئاوەی کە دەچێتە ناو سووریا و عێراق، بەڵام ئەنقەرە لەم دواییانەدا، بە جێبەجێ کردنی پڕۆژەی گەورەتر گاریگەریی نەرێنیی زیاتری لەسەر دۆخی کەشوهەوای ئەم دوو وڵاتە هەبووە.

پەیمانگای پاکسی هۆڵەندا لە چەند ڕاپۆرتێکدا باسی لە هەوڵەکانی تورکیا بۆ بڕینەوەی دارستانی ناوچە کوردستانییەکانی عێراق و سووریا کردووە. لەوان بڕینەوەی دارستانەکانی پارێزگای دهۆک لە هەرێمی کوردستان و ناوچەی کوردنشینی عەفرین لە باکووری ڕۆژئاوای سووریا. بەپێی نەخشەی مانگە دەستکردەکان کە ئەم پەیمانگایە بڵاوی کردۆتەوە، هەندێک ناوچەی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا لە ئەنجامی سیاسەتەکانی تورکیا لە دۆخێکی مەترسیداردان.

دوێنێ ئاژانسی هەواڵی فەرەنسی لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند ئاستی ئاوی ڕووباری دیجلە لە عێراق بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە. ئه م ئاژانسه هۆشداریی دا که بەشێکی زۆری پیشەسازی کشتوکاڵی عێراق، له ناوەچەی کوردنشینی دهۆکەوه تا سنووری ئەو وڵاته لەگەڵ کەنداوی فارس، ڕووبه ڕووی قه یرانی وشکەساڵی و هەژاری بۆتەوه . ئاژانسی فرانس پرێس ڕایگەیاند، هۆکاری ئەم قەیرانە کەمبوونەوەی ئاستی ئاوی ئەو ڕووبارانەیە کە لە تورکیاوە سەرچاوە دەگرن و دەچنە ناو عێراقەوە.

ئاژانس فرانس پرێس نووسیویەتی: حکوومەتی عێراق و کوردەکان، تورکیا بە هۆکاری سەرەکی کەمبوونەوەی ئاستی ئاوی ڕووباری دیجلە لە عێراق دەزانن. جووتیارانی کورد لە ناوچەی فیشخابور لە هەرێمی کوردستان بە ئەم ئاژانسەیان ڕاگەیاندووە: لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا ئاستی ئاوی ڕووباری دیجلە بەشێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە و کاریگەری زۆری لەسەر ژیانیان هەبووە.

ئەم ئاژانسە هەواڵییە هۆشداری داوە لە ئەگەری وشک بوونی هەردوو ڕووباری دیجلە و فورات لە عێراق لە ساڵانی داهاتوودا.

News Code 7212

Your Comment

You are replying to: .
captcha