خۆ دوورخستنەوەی سوید لە گرووپە کوردییەکانی سووریا

بەشی جیهان- سوید بۆ جێبەجێ کردنی ئەو بەڵێنانەی کە بە تورکیای داوە، لە پرسی ئەندامێتی ناتۆدا خۆی لە گرووپی چەکداری کوردی یەکینەکانی پارستنی گەل دوور دەخاتەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، پشتیوانیی سوید لە کوردەکانی سووریا، کە تەنانەت گەیشتبووە سزادانی تورکیا بەهۆی پەلاماردانی ناوچە کوردنشینەکان و تا ساڵی 2019 درێژەی هەبوو، ئێستا خەریکە کۆتایی دێت چوونکە سوید پێویستی بە ڕەزامەندیی تورکیا بۆ ئەوەی ئەندامێتیی ناتۆ بەدەست بێنێت.

وەزیری دەرەوەی حکوومەتی نوێی سوید ڕایگەیاندووە، وڵاتەکەی خۆی لە گرووپی چەکداری کوردیی یەکینەکانی پاراستنی گەل یان یەپەگە دووردەخاتەوە بۆ ئەوەی ڕەزامەندی تورکیا بۆ بە ئەندامبوون لە ناتۆ بەدەست بێنێت.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆیتەرز، تۆبیاس بیلسترۆم ئاماژەی بەوە کردووە کە پەیوەندییەکی زۆر نزیک لە نێوان گرووپە کوردییەکانی سووریا و پەکەکە هەیە، بۆیە ئەمە بۆ پەیوەندیی ئێمە لەگەڵ تورکیا باش نییە.

حکوومەتی نوێی سوید بە پێچەوانەی حکوومەتی پێشوو، خواستێکی گەورەی نیشانداوە بۆ فراوان کردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا، لانیکەم بۆ بەدەستهێنانی ڕەزامەندی ئەنقەرە. تورکیا و هەنگاریا تاکە ئەندامی ناتۆن کە تا ئێستا ڕەزامەندی کۆتایی خۆیان بۆ بە ئەندامبوونی سوید و فینلاند لە ناتۆ ڕانەگەیاندووە.

حکوومەتی سوید گەمارۆی چەکی سەر تورکیای هەڵوەشاندۆتەوە، بەڵام ئەنقەرە داوای ڕادەستکردنەوەی ئەو ناڕازییە کوردانەی دەکات کە لە سوید دەژین.

شایانی باسە ئیدارەی خۆسەری کوردی سووریا لە سەردەمی حکوومەتی پێشووی سویددا نووسینگەی نوێنەرایەتی خۆی لەم وڵاتە کردبووەوە.

News Code 7227

Your Comment

You are replying to: .
captcha