بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لاهور شێخ جەنگی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ پێگەی ئەلمۆنیتۆر، لەبارەی ناکۆکییەکانی ئێستای نێوان یەکێتی و پارتی ئاماژەی بەوەداوە کە ناکۆکییەکی گەورە لەسەر حوکمڕانی هەرێمی کوردستان هەیە، ئێستا کۆبوونەوەی سیاسی لەنێوان پارتی و یەکێتی نییە، قوباد تاڵەبانی دژی مەسروور قسە دەکات لە دیداری مێری و بەپێچەوانەشەوە.
جەختیشی کردۆتەوە، بەردەوام کێشەی راستەقینە لەنێوان یەکێتی و پارتیدا هەبووە، بەڵام هەمیشە من کراومەتە قوربانی لەوەدا، هەردوو لا بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە کێشەکە منم. لەگەڵ دوورخستنەوەم، کێشە راستەقینەکان ئاشکرا بوون و خەڵک تێگەیشت کێشەکان لە لاهور قوڵترن.
ناوبراو ئەوەشی خستۆتەڕوو، یەکێتی بەردەوام خۆشحاڵ نەبووە بەو شێوازەی پارتی حوکمڕانی پێ کردووە کە دەستێکی باڵای لە هەموو شتەکاندا هەیە. پێشتر ئەم کێشانەمان دیاری کردن و هەوڵماندا بە دیالۆگ لەگەڵ پارتی چارەسەریان بکەین. بەڵام تیمێک لەنێو یەکێتی هەبوو کە ئەو کات نزیک بوون لە پارتییەوە و بەردەوام هەوڵیاندەدا خەتاکە بخەنە ئەستۆی یەکێتی، بۆیە ئەو هەوڵانەی چارەسەر هیچیان لێ نەکەوتەوە.
شێخ جەنگی وتووشیەتی: "ئەو تیمەی نێو یەکێتی قوباد تاڵەبانی سەرکردایەتی دەکرد کە ئەو کات نزیک بوو لە پارتییەوە و هەوڵی دەدات لەو کێشانەدا سەرزەنشتی یەکێتی بکات. ئێستاش کارەکە هاتۆتە سەر براکەی خۆی(بافڵ تاڵەبانی)، کە ئەویش لەگەڵ پارتی هاوڕا نییە".
لەبارەی ئەوەی کێشەکان بەدیاریکراوی چین لەنێوان پارتی و یەکێتی، لاهوور شێخ جەنگی ئاماژەی بە کێشەی کۆنەکردنەوەی داهات لە سنووری سلێمانی داوە، لەگەڵ بوونی رێککەوتنێک بۆ کۆکردنەوەی داهات بە رێژەی لەسەدا 43 بۆ سلێمانی و لەسەدا 57 بۆ هەولێر و دهۆک و وتوشیەتی، پیموایە یەکێتی لە هەڵسەنگاندنی دۆخەکەدا هەڵەی کردووە کاتێک رازی بووە بەو رێککەوتنە، چوونکە هەست دەکەن ئێستا داهاتی پێویست لە سلێمانی نییە و سەدان پڕۆژە بەهۆی نەبوونی پارەی پێویستەوە لە سلێمانی راوەستاون. مەسرور بارزانی، کێشەی ئەوەی لەگەڵ یەکێتی و جێگرەکەی لە حکوومەت هەیە، داهات و پارەی سلێمانی دیار نامێنێت و ناگەڕێتەوە بو خەزێنەی حکوومەت لە هەولێر، ئەویش دەڵێ، بەوهۆکارە ئامادە نییە پارە بنێرێتە سلێمانی و دیار نەبێت و داهاتیش نەگەڕێتەوە".
Your Comment