بایکۆت کردنی دانیشتنەکانی پەرلەمان بە چەشنێک نیفاق دێتە ئەژمار

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەندامێكى جڤاتی نیشتمانیی بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان له ‌په‌یامێكدا سه‌باره‌ت به‌و په‌رله‌مانتارانەی ده‌ستیان له ‌كارنه‌كێشاوه‌ته‌وه‌  و تەنها بایکۆتی دانیشتنەکانیان کردووە ده‌ڵێت:"دوانزە سوارەکەی پەرلەمان مونافق دەرچوون".

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، هێمن شێخانی ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان له ‌فه‌یسبووكى خۆى ڕایگه‌یاند: "دوای درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان، تەنها دوو ڕێگە هەبوو لەبەردەم پەڕلەمانتاران بۆ بڕیاردان لەسەر ئەم پرسە".

وه‌كوو ئه‌و نووسیویه‌تى:"ڕێگەی یەکەم دەنگدانە بەدرێژکردنەوەی تەمەنی پەڕلەمان‌ و ئەوانەی دەنگیان داوە پێیانوایە لەبەر کۆمەڵێ هۆکار لەئێستادا زەمینە لەبارنییە بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەی هەڵبژاردن لە هەرێم، ئەم پەڕلەمانتارانەی کە دەنگیان بە درێژکردنەوەداوە ئەوا زۆرینەی پەڕلەمان پێکدەهێنن، ڕای پێچەوانە دەنگ نەدانە بەدرێژکردنەوەی تەمەنی پەڕلەمان، دەتوانم بڵێم بەتەنها یەک بەڕلەمانتار لەگەڵ خودی ڕاکەی خۆی ڕاستگۆ بووە"".

ناوبراو پێیوایه‌، "چوونکە بۆ بەرگری کردن لە ڕاکەی خۆی نامەی دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەش بە سەرۆکایەتی پەڕلەمان کردووە و پەیامی کرداریشی داوەتە دەنگدەرانی خۆی، ئەم پەڕلەمانتارە دکتۆرە شایانە، دکتۆرە شایان دوو پەیامی نارد هەم بۆ بزووتنەوەکەی هەم بۆ دەنگدەرەکانی، بە بزووتنەوەی گۆڕانی وت ئەم پێگەیە موڵکی ئێوەیە و تا ئێرە ئەمانەت بووە لای من ‌و بفەرموون پێشکێشی خۆتان بێت، لەگەڵ ئەوەشدا بە دەنگدەرانی وت ئەم هەڵوێستەم لەپێناو بەرژەوەندی ئێوەیە و منیش لەمەودوا وەکوو ئێوە شەق ئەدەم لە پەڕلەمانێک کە بەرگری لە مافەکانی ئێوە ناکات".

به‌بۆچوونى شێخانى، "دوانزە سوارەکەی پەڕلەمان سەلماندیان کە ئەوکەسانەن هەمیشە ترسنۆکانە ئەجەنگن ‌و هەمیشە لە دوورەوە سەیری کۆتایی شەڕەکە ئەکەن‌ و ئەگەر براوەبوون ئەوا ئەچن بۆ کۆکردنەوەی دەستکەوتەکان‌ و ئەگەڕ لەشکر تووشی شکست بوو ئەوا ئەم دوانزە سوارە مونافقە قاچەکانیان لە دوانەوە ئەبێت بەچوار بۆ ڕاکردن.

بەکورتی دەڵێم ئەرێ کەسێ هەیە پێمان بڵێت سوودی ئەم دوانزە سوارە لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا چی بووە، ئەرێ کەسێ هەیە پێم بڵێت ئەم دوانزە سوارە لەماوەی ڕابردوودا پڕۆژەیان چی بووە".

ده‌پرسێت، "ئەی کام پڕۆژەیان هاتۆتە بواری جێبەجێ کردن کە سوودی هەبووبێ بۆ هاوڵاتیانی هەرێم، ئەرێ کەسێ نییە ئیتر پێیان بڵێ ئەو هەموو چەواشەکاری ‌و درۆیە تاکەی، ئەرێ کەسێ نییە پێیان بڵێت جیاوازیی ئێوە و دەسەڵاتداران چییە، دەسەڵاتداران زۆر بە ئاشکرا سامانی ئەم وڵاتە ئەدزن ‌و ئەم دوانزە سوارەش زۆر نامەردانە دەنگی خەڵکی بەشمەینەت بەکاردەهێنن بۆ پڕکردنی گیرفانی خۆیان".

له‌ كۆتاییدا ده‌ڵێت: "ئەم دوانزە سوارە مونافقە زۆرینەیان پێش بوونیان بە پەڕلەمانتاری، خاوەنی هیچ شتێ نەبوون، ئەرێ کەسێ نییە لێیان بپرسێ ئەو هەموو سەرمایە و موڵک ‌و ماڵ ‌و خانووی بەرز و سەیاره‌ی ئاخیر مۆدێلتان لەکوێ بوو، ئەبێ لەمەودوا خەڵکی هەرێم زۆر لەوە هۆشیارتربێت‌ و نابێت جارێکی تر ڕێگە بدرێت وەک خۆیان دەڵێن بە فۆڕمێکی تر ئەم دوانزە سوارە بۆگەخۆرە یاری بە عەقڵی ئەم میلەتە بکەن".

News Code 7238

Your Comment

You are replying to: .
captcha