پەرلەمانی بەریتانیا بەدواداچوون دەکات بۆ ئەگەری بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن تورکیاوە
بەشی جیهان- دوو نوێنەری پارتی کرێکارانی بەریتانیا کۆبوونەوەیەکیان بۆ پرسیارکردن لە حکوومەت ئەنجام دا، سەبارەت بە ئەگەری بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن تورکیاوە لە دژی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان.

 بەپێی هەواڵی کۆردپرێس ماڵپەڕی فەرمیی پەرلەمانی بەریتانیا بڵاوی کردۆتەوە، کیم جۆنسۆن و لۆید ڕوسیل دوو نوێنەری پارتی کرێکاران داوایان لە لیۆ دۆچێرتی یاریدەدەری سەرۆکی پەرلەمانی بەریتانیا بۆ کاروباری دەرەوە و نوێنەری پارتی پارێزگاری دەسەڵاتدار کردووە کە داوا لە حکوومەتی بەریتانیا بکات بەدواداچوون بکات بۆ بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن تورکیاوە، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان لە ناو خاکی هەرێمی کوردستان.

ناوبراو لە وەڵامدا ئاماژەی بەوە کردووە کە حکوومەتی بەریتانیا ئاگاداری ئەو ڕاپۆرتانەیە سەبارەت بە ئەگەری بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن تورکیاوە لە دژی هێزەکانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان، بەڵام بەڵگەی تەواوی لەو بارەوە نییە.

نوێنەری پارتی دەسەڵاتدار لە پەرلەمانی بەریتانیا سەبارەت بە ئەگەری لابردنی پەکەکە لە لیستی گرووپە تیرۆریستییەکان وتی: بەریتانیا هێشتا پەکەکە بە گرووپێکی تیرۆریستی دەزانێت و پێی وایە تورکیا مافی خۆیەتی بەرگری لە خۆی بکات.
لیۆ دۆچەرتی زیادی کرد: بەڵام بەریتانیا ئەو ڕاپۆرتانە بە جددی وەردەگرێت کە باس لە بەکارهێنانی فسفۆڕ لەلایەن تورکیاوە دەکات لە هێرشەکانی دژی پەکەکە لە عێراق، منیش بە شێوەیەکی شەخسی لەگەڵ سەرۆکی ڕێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی کۆ بوومەتەوە.

پەکەکە چەندین جار باسی لەوە کردووە کە سوپای تورکیا لە هێرشەکانیدا بۆ سەر هێزەکانیان لە هەرێمی کوردستانی عێراق چەکی کیمیایی قەدەغەکراوی بەکارهێناوە
.