بەپێی داتاکانی وەزارەتی پلاندانان پشکی هەرێم لە بودجەی ساڵی 2023 عێراق لە سەدا 13.9 دەبێت
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێم لە بەغدا ئاشکرای کرد، وابڕیارە شاندێکی حکوومەتی هەرێم بەسەرۆکایەتیی وەزیری دارایی سەردانی بەغدا بکات بۆ گفتوگۆ کردن لەبارەی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی فیدراڵی بۆ ساڵی 2023.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، فارس عیسا سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێم لە بەغدا بە میدیا عێراقییەکانی ڕاگەیاندووە لەم هەفتەیەدا شاندێکی حکوومەتی هەرێم سەردانی بەغدا دەکات‌ و لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق گفتوگۆ لەبارەی پشکی هەرێم لە بودجەی ساڵی داهاتووی عێراق دەکەن، کە بەپێی داتاکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، پشکی هەرێم لە بودجەدا بریتى ده‌بێت لە سەدا 13.9.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کردووە، پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق ئێستا لەلایەن وەزارەتی داراییه‌وه‌ لە قۆناغی لێکۆڵینەوە و ئامادەکردندایە و دوای تەواو کردنی ڕەوانەی ئەنجومەنی ئابووریی وەزاریی دەکرێت، ئەوانیش دوای تەواو کردنی هەڵسەنگاندنەکانی خۆیان، ڕەوانەی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی دەکەن بۆئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت ‌و لە کۆتاییدا ڕەوانەی په‌رله‌مانى عێراق ده‌کرێت.