هەر چالاکییەک کە هاوڵاتییانی مەدەنی بە ئامانج بگرێت قبووڵی ناکەین
بەشی تورکیا- ناوەندى پاراستنی گەل ڕایگەیاند، تەقینەوەکەی ئەستەنبوڵ هیچ پەیوەندییەکی بە ئەوانەوە نییە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ناوەندى پاراستنی گەل (نەپەگە) لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند: "ئێمە هیچ پەیوەندییەکمان تەقینەوەکەی ئەستەنبوڵەوە نییە، ئێمە ڕاستەوخۆ هاوڵاتیی مەدەنی بە ئامانج ناگرین و هەرچالاکییەک کە هاوڵاتی مەدەنی بە ئامانج بگرێت قبووڵی ناکەین".

ئەو ناوەندە زیاتر دەشڵێت: "لەناو تورکیادا بە ئامانجگرتنی هاوڵاتی مەدەنی لەلایەن ئێمەوە نامومکینە و ئاشکرایە لەبەرامبەر تێکۆشینی ڕەوای ئێمەدا، ڕژێمی ئاکەپە و مەهەپە تەنگەتاوبووە، بەتایبەتی ئاشکرابوونی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی و سووتاندنی سەربازانی خۆیان".

شایانی باسە دوای تەقینەوەکەی ئەستەنبوڵ؛ سولەیمان سۆیلۆ، وەزیری ناوخۆی تورکیا ڕایگەیاند: "ئەنجامدەری تەقینەوەکەی شەقامی ئیستقلالی ئیستانبوڵ دەستگیرکراوە کە بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکان لە عەفرینەوە هاتووەتە ناو خاکی تورکیا و بڕیاری تەقینەوەکە لە کۆبانێ دراوە".

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کردووە، "بەگوێرەی ئەو بەڵگانەی دەستمان کەوتوون پەکەکە و پەیەدە لە تەقینەوەکە بەرپرسیارن".