ئەردۆغان جارێکی دیکەی هەڕەشەی هێرش کردنە سەر کوردستانی سووریا دەکات
بەشی جیهان- سەرۆک کۆماری تورکیا هەڕەشەی ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ سەر کوردستانی سووریا دەکات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لەمیانی بەشداری کردنی لە لووتکەیG20، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا جارێکی دیکە هەڕەشەی ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ سەر کوردستانی سووریای کرد و گوتی: "بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی هەرچییەک پێویست بێت دەیکەین".

سەرۆککۆماری تورکیا، گوتیشی: "لێکۆڵینەوە لە تەقینەوەکەی ئیستانبوڵ بەردەوامە".

لە بەشێکی دیکەی کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکەدا، ئەردۆغان ئیدیعای ئەوەی کرد کە کێشەمان لەگەڵ کوردانی تورکیا، عێراق و سووریا نییە.

هەڕەشەی ئەردۆغان بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ سەر کوردستانی سووریا، دوای ئەوە دێت رۆژی 13/11/2022، تەقینەوەیەک لە شەقامی ئیسقلالی شاری ئیستانبوڵ رووی دا، لە ئەنجامدا شەش کەس گیانیان لەدەست دا و زیاتر لە 80 کەسی دیکە بریندار بوون، دوای رووداوەکە وەزارەتی ناوخۆی تورکیا پەکەکە و پەیەدەی بە ئەنجامدانی تەقینەوەکە تۆمەتبار کرد.