ئایا کوردەکانی سووریا دەستیان لە تەقینەوەکەی ئیستەنبۆڵدا هەبوو

بەشی جیهان- دامەزراوەی بەرگری لە دیموکراسی پێی وایە پارتی یەکێتی دیموکراتی کە دەسەڵاتی ناوچە کوردنشینەکانی سووریای بەدەستەوەیە، هەرگیز کردەوەیەکی تیرۆریستی لە تورکیا ئەنجام نەداوە و تەنها بەهۆی نزیکی لە پەکەکە و هاوکاری لەگەڵ ئەمریکا، لەلایەن ئەنقەرەوە تۆمەتبار کراوە بەوەی کە دەستی هەبووە لە تەقینەوەکەدا.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، حکوومەتی تورکیا تەقینەوەکەی هەفتەی ڕابردووی ئەستەنبوڵ کە بووە هۆی کوژرانی 6 هاوڵاتی خستۆتە ئەستۆی پەکەکە و هێزە کوردییەکانی سووریا کە نزیکن لە پەکەکە. بەڵام هەم پەکەکە و هەم دەسەڵاتدارانی کوردی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕەتیانکردووەتەوە هیچ تێوەگلانێکیان لەم تەقینەوەیەدا هەبێت و بە بیانوویەکیان زانیوە بۆ دەستپێکردنی هێرشێکی نوێ بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کوردەکانی سووریا.

لە لێکدانەوەیەکدا، دامەزراوەی بەرگری لە دیموکراسیەکان بەدواداچوونی بۆ ئیدیعای حکوومەتی تورکیا کردووە کە ئیدیعای کردووە کوردەکانی سووریا دەستیان لە تەقینەوەکەدا هەبووە.

ئەم دامەزراوە سیاسییە بیری هێنایەوە کە تورکیا پارتی یەکێتی دیموکراتی یان (PYD)ی تۆمەتبار کردووە بەوەی کە دەستیان لەم تەقینەوەیەدا هەبووە، کە ئەم پارتە پێشتر هەرگیز هێرش و کردەوەیەکی هاوشێوەی لە تورکیا ئەنجام نەداوە.

ئەم پەیمانگایە هۆکاری تۆمەتبارکردنی ئەم حیزبە بە تێوەگلانی لە تەقینەوەکەی ئەستەنبوڵ دەگەڕێنێتەوە بۆ نزیکی پەیەدە لە پارتی کرێکارانی کوردستانی تورکیا یان پەکەکە و هاوکارییەکانی لەگەڵ ئەمریکا لە سووریا لە شەڕی داعش.

ئەم پەیمانگایە پێی وایە، لە ڕاستیدا تورکیا بە تۆمەتبارکردنی پارتی یەکێتی دیموکراتی، هەوڵ دەدات هەرسێ لایەنی پەکەکە، پارتی یەکێتی دیموکراتی و ئەمریکا، کە ئەنقەرە بە دوژمنی خۆی دەزانێت، بخاتە یەک تەریبەوە. ئەم ڕێکخراوەیە دەڵێت قۆستنەوەی سیاسی لەم هێرشە لە سەروبەندی هەڵبژاردنەکاندا زیاتر دەتوانێت لەلایەن پارتی دەسەڵاتداری داد و گەشەوە بێت.

هەروەها ئەم دامەزراوەیە بە دووری نەزانێت کە حکوومەتی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ئەم تۆمەتە بکاتە ئامرازێک بۆ پەلاماردانەوەی کوردەکانی سووریا.

News Code 7292

Your Comment

You are replying to: .
captcha